Hamit Hüseyin
29 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2016
گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە كە ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی یاوەری سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵ كۆدەبێتەوە.
دەربارەی ئەو كۆبوونەوە و دیدارانەی كە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجامیان دەدات، دزەیی ئاشكرایكرد كە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەریەك لەسەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی دیكەی حكوومەتی فیدرال كۆبوونەوە و دیدار ئەنجام دەدات.
سەبارەت بەو بابەتانەی كە لە كۆبوونەوە و دیدارەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ دەكرێن، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد كە سەردانەكە ئاسایی یە و بابەتی گفتوگۆكانیش بواری ئەمنی و پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار دەبن.