Heman Hussein Yaseen
09 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد جێگری فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ریچارد بێل کرد
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە جێگری فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، جەنەرال ریچارد بێل و دیدارەکەیش بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکانی بووە لە عێراق و سووریا.
ئاماژەی بەوە داوە کە مەسرور بارزانی سوپاسی جێگری فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی کردووە بۆ کار و خزمەتەکانی لە ماوەی رابردوودا و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ئەرکی تازەیدا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە جێگری فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بە پێزانینەوە باسی لە ھاوکاری و ھەماھەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئاماژەشی بەوەداوە کە ئەو ھەمیشە خۆی بە دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کوردستان دەزانێت لە ھەر شوێنێک و ئەرکێکدا بێت.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و گرنگیی بەردەوامبوونی ھاوکاریکردنی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.