Hawkar Yaseen
09 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، فەوزى هەریرى لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی کرد لە شاندێکى سەربازیى بەریتانیا بە سەرۆکایەتیى گەورە راوێژکاری سەربازیی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، مارشاڵ سامی سهمپسن.
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەردوولا ئامادەى بوون، مارشاڵ سهمپسن پایەندیى وڵاتەکەى بە برەودان بە پەیوەندییەکان و بەردەوامیى کارکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق دووپات کردەوە و خۆشحاڵى و پشتگیری بۆ هاوکاریى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا دەربڕى و جەختى لە گرنگیى بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان تا نەهێشتنى یەکجارەکیى داعش کردەوە".
راشیانگەیاندووە "چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و رێکخستنەوەى، گرنگیى بەردەوامیى پێکەوەکارکردنى هەولێر و بەغدا، دۆخى عێراق و هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى و دوایین پێشهاتەکانى ئەفغانستان و ناوچەکە بەگشتى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا".