Heman Hussein Yaseen
15 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی عێراق و پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال کراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدرال کردووە و جەختیکردووەتەوە لە چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ھاووڵاتییانی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە کە میکانیزمی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.