Sarmand Hameed
12 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2021
ههولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا کە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆب واڵەر ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشھاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، تیشکی خستووەتەسەر دایالۆگی ستراتیجیی ئەمریکا و عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بەتایبەتی ھەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هەروەها هاتووە کە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھەوڵ و پشتیوانیی باڵیۆزی ئەمریکای کردووە لە پەسەندکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی و پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجە دووپاتکردووەتەوە و داوایشی کردووە حکوومەتی فیدراڵی، ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بوودجەدا جێبەجێ بکات.