Ismael Adnan Yaqoob
12 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2021
نەینەوا ــ AA
لە ناوچەی کۆنی مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی کلاسیکیی، نمایشێکی تایبەت و سەرنجڕاکێشیان ئەنجامدا.
نمایشەکە لە نێو وێرانکارییەکانی شاری مووسڵ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لەژێر دەستی داعش، ئەنجامدراوە لەلایەن سەنتەری رۆشنبری بێتنا رێکخرابوو، ژمارەیەک زۆری ھاووڵاتیی مووسڵ کە گرنگیی بەم جۆرە چالاکییانە دەدەن ئامادەبوون و وێنەیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکان گرت.
سەبارەت بە چالاکییەکەیش، سەرۆکی سەنتەری رۆشنبری بێتنا، سەقەر ئال زەکەریا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە ئامانجی پاراستنی میرات و فلکلۆری مووسڵ بانگھێشتی گرووپی ئۆتۆمبێلەکانی کلاسیکیی میراتی کۆنمان کرد بۆ ئەوەی نمایشەکە ئەنجام بدەن".
سەقەر ئال زەکەریا باسی لەوەشکرد کە گرنگە پارێزگاری بکرێت لە ئۆتۆمبێلەکانی کلاسیکیی و گوتی:
"ئەم جۆرە چالاکییانەیش لە چوارچێوەی گرنگیدان بە میرات و کولتووری لە جیھان ئەنجام دەدرێت و لەبەر ئەوە داوا لە حکوومەتی خۆجێی و وەزارەتی گواستنەوە دەکەین کە گۆڕەپانی تایبەت بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکییانە دابین بکەن، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلەکانی کلاسیکیی ئاشنابن کە لە زۆربەی وڵاتان نمایش دەکرێن".
سەرۆکی سەنتەری رۆشنبری بێتنا، سەقەر ئال زەکەریا گوتیشی: "ئومێد دەکەین ئەو جۆرە چالاکییانە زیاتر لە ناوچەی کۆنی مووسڵ ئەنجام بدرێن و گرنگی زیاتر بە ئۆتۆمبێلەکانی کلاسیکی بدرێت".
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، بڕوانامە بەسەر خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی کلاسیکی بەشداربووی نمایشەکە، دابەشکرا.