Sarmand Hameed
28 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر کرد.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، رۆب واڵەر بەشداربوو، بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە، سەرۆکی نوێ و ئیدارەی نوێی ئەمریکا ، شارەزا و ئاگاداری بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانن و ئامادەین بۆ کارکردن و هەماهەنگیکردن بۆ بەهێزترکردن و برەودان بە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا.
رێڕەوی دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و لێکەوتەکانی و کێشە ئابووری وسیاسییەکانیان، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.