Sarmand Hameed
28 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، لیۆنیداس کۆنتۆڤۆنیسۆس کرد.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارێکدا کە کۆنسوڵی گشتیی یۆنان لە ھەولێر، ئەفسیمۆس کۆستۆپۆلۆس ئامادەی بوو، نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی لە ھەولێر، سوپاسی کونسوڵی گشتیی یۆنانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری تازەیدا بۆ خواست، ھەروەھا ھەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یۆنان بە مایەی پێزانین لە قەڵەم دا.
بە گوێرەی ھەواڵەکە، باڵیۆزی یۆنان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پشتگیری و ھاوکارییان لە کار و چالاکییەکانی کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیان لە ھەولێر و ھیوایان خواست لە داھاتوویەکی نزیکدا تەواوی ئەو چالاکییانەی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی و کۆرۆنا کەمتر ببوونەوە، وەک جاران کارا بکەنەوە و ھەنگاوی باشتر لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بنێن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، مەترسییەکانی تیرۆر و کارە تیرۆریستییەکانی داعش، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەشیان تاوتوێ کرد.