Ekip
28 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کوژرانی جێگری خەلیفە و والی عێراقی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبو یاسر عیساوی راگەیاند.
کازمی لە بڵاوکراوەیەکیدا لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، کوشتنی بەناو والیی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ھەواڵگریدا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە راگەیاند.
کازمی، ھیچ زانیاری لە بارەی ئەو شوێنەی کە ئۆپەراسیۆنەکەی تیادا ئەنجامدراوە بڵاونەکردەوە و کوشتنی ئەو بەناو والییەی راگەیاند و نووسیوویەتی، "بەڵێنمان دا تۆڵەی لەرزێنەر لە باندەكانی داعشی تیرۆریست بكەینەوە".
سەرۆکوەزیرانی راشیگەیاندووە "پاڵەوانەكانمان لە چالاكییەكی هەواڵگریدا كۆتاییان بە سەرۆكی تاقمی شەڕخواز هێنا؛ ئەوەی خۆی ناونابوو "جێگری خەلیفە و والی عێراق" ئەبو یاسر عیساوی.
جێی ئاماژەیە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوو خۆکوژ لە گۆڕەپانی تەیاڕان ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە و بەهۆی ئەو دوو کردە خۆکوژییەوە ٣٤ کەس کوژران و ١١٠ی دیکە برینداربوون.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کردە تیرۆریستییە راگەیاند.
سوپای عێراق رۆژی هەینی رابردوو، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لەژێر ناوی "تۆڵەی شەهیدان"دژبە پاشماوەکانی داعش دەست پێکرد.