Zana Natık Kerem
22 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و شاندی یاوەری دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران، كۆتاییان بەسەردانەكەیان بۆ ئەو وڵاتە هێنا.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی و شاندی یاوەری كۆتاییان بەسەردانەكەیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هێناوە كە بۆ دوو رۆژ بەردەوام بوو.
بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ تاران لەگەڵ سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی كۆبووەتەوە و لە میانیدا ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگیان تاوتوێ كردووە لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی ئابووریی و رۆشنبیریی نێوان هەردووڵات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە.
لە راگەیەندراوەكە باس لەوەیش كراوە كە مستەفا كازمی هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ تاران لەگەڵ رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامەنەیی كۆبووەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە هەردوو شاندی حكوومەتی عێراق و ئێران بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و جێگری یەكەمی سەركۆماری عێراق، ئیسحاق جیهانگیری كۆبوونەوە كە لە میانیدا تاوتوێی هەنگاوەكانی هەماهەنگیی لە بوارە جیاجیاكان لەنێوان هەردوو وڵات كراوە.
لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەیش خراوەتەڕوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە میانی دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ تاران پایتەختی ئێران لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شواری ئەو وڵاتە، محەمەد باقر قاڵیباف كۆبووەتەوە كە لە میانیدا پتەوتركردنی هاوكارییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەكاندا و رەوشی هەرێمیی و كاریگەرییەكانی بۆسەر هەردوو وڵات تاوتوێ كراوە، جگە لەوەیش هەردوولا سەبارەت بە هەوڵە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كە بە ئامانجی تێپەڕاندنی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر كەرتەكانی تەندروستیی و ئابووریی، هەروەها ئەو تەحەدیاتانەی كە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە بەرەوڕووی عێراق و ئێران بووەنەتەوە گفتوگۆیان كردووە.
دوێنێ سێشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا گەیشتە تاران پایتەختی ئێران كە لە میانیدا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.