Sarmand Hameed
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پێگەیشت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێرشە تیرۆریستییەکەی هەولێری سەرکۆنە کردووە.
هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئەم هێرشە تیرۆریستییە، پێشێلکاریيەکی زەقی سەروەری عێراقە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەنگۆ و بانگەشە ناڕاستانە كردەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاودەکرێنەوە و ماوە ماوە دەکرێنە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردووە بۆ سەرکۆنەکردنی ھێرشە تیرۆریستییەکە و داواشی کرد ئەمریکا پشتیوانی زیاتری هەرێمی کوردستان بکات.
ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر
بەپێی راگەیهندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانهوه ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووهتەوە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە ههواڵییهكانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه و رایگەیاندووه کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:
"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.