Zana Natık Kerem
06 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
قاهیرە ــ AA
وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوكری رایگەیاند كە هیچ دەرفەتێك نەماوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داواكارییەكانیان لەگەڵ قەتەر.
لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ئۆن تی ڤی میسری، سامح شوكری گوتی: "سعوودیە و میسر یەك ئاسایشیان هەیە كە ناتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، هەروەها هیچ دەرفەتێكیش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داواكارییەكانمان لەگەڵ قەتەر نەماوە".
وەزیری دەرەوەی میسر گوتیشی: "یەك رێگە هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ قەتەر لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین ئەویش ئەوەیە، ببینین كە قەتەر یەكە بە یەكەی داواكارییەكانمان لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بكات".
سامح شوكری رەتكردەوە كە داواكارییەكانیان لە ١٣ داواكارییەوە بۆ شەش داواكاری كەمكردبێتەوە و رایگەیاند كە داواكارییەكانیان كەمنەكردووەتەوە.
پێشتر هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر ١٣ داواكارییان وەك مەرج بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، ئاراستەی قەتەر كرد.
رۆژی دووشەممەی رابردووش وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی وەڵامی وڵاتەكەی لە بارەی داواكارییەكانی هەر یەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر رادەستی میری كوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح كرد.
دوێنێ چوارشەممە هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر رایانگەیاند كە وەڵامەكەی قەتەرەیان لە بارەی داواكارییەكانیانەوە وەرگرتووە و ئاماژەیان بەوەش دا كە لە كاتێكی گونجاودا، وەڵامی قەتەر دەدەنەوە.