Zana Natık Kerem
21 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2018
بەغدا ـ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە پێویستە لەسەر حکوومەتی داھاتوو دادپەروەریی بونیاد بنێت و خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتییان فەراهەم بکات نەوەک خەریکی بونیادنانی کۆشک و تەلار بێت.ئەم لێدوانەی سەدر لە کاتێکدایە، کە بە پێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەستھێناوە و دوای ئەو ئیئتلافی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری دێت کە ٤٧ کورسی مسۆگەر کردووە و، ئیئتلافی نەسر بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێناوە و، رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووەتە خاوەنی ١٩ کورسی.لە تویتێکدا موقتەدا سەدر نووسیوویەتی: "دوای ئەوەی گەل بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی خۆی دا، پێویستە لەسەر حکوومەتی داھاتوو، دادپەروەریی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ گەل دەستەبەر بکات نەک خەریکی بونیادنانی کۆشک و تەلار بێت".سەرکردەی رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە: "نا بۆ گەندەڵی، نا بۆ حزبایەتی و نا بۆ دەنگی تەقەکردن، دەبێت دەنگی گوللـە نەمێنێت و ھاواری شەڕیش راوەستێت".
وێرای ئەوەی ئیئتلافی سائیرون زۆربەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستھێناوە، بەڵام بە تەنھا ناتوانێت حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنێت، بۆیە پێویستی بە بەستنی ھاوپەیمانییەتییە لەگەڵ قەوارە براوەکانی دیکە تا بتوانێت حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنێت.
بە پێی ئەوەی راگەیەنراوە کە موقتەدا سەدر رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوودا بە تایبەتیش لە ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران.
موقتەدا سەدر رایگەیاندووە کە کار لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ تەکنۆکرات دەکات کە دوور بێت لە حزبایەتی و تایفی.