Sangar Hamad Azeez
18 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2016
سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە رێگە بە خۆپیشاندان نادات، بەڵام سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و لایەنگرانی لە بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
لایەنگرانی سەدر لە بەردەم دەروازەی ناوچەی سەوز لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و تێیدا ئاڵای عێراقیان بەرزكردەوە و هۆتافیان لە دژی گەندەڵی دەگوتەوە.
لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یەكێك لە خۆپیشاندەران بە ناوی سەفا بەغدادی گوتی: "تا ئەو كاتەی چاكسازی لە عێراق ئەنجام دەدرێت ئێمە درێژە بە خۆپیشاندانەكانمان دەدەین، هاتوینەتە نزیك ناوچەی سەوز، لەلایەن هێزەكانی ئەمنیەوە رێگریمان لێ دەكرێت بەڵام ئێمە بەبێ گوێدان بە هیچ شتێك درێژە بە خۆپیشاندانەكان دەدەین".
خۆپیشاندەرێكی دیكە بەناوی باسم تەمیمی رایگەیاند "تاوەكو ئێستا هیچ چاكسازییەك ئەنجام نەدراوە بۆیە ئێمە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین، هاتوینەتە بەردەم ناوچەی سەوز و دەمانەوێت بە شێوەیەكی ئاشتیانە درێژە بە خۆپیشاندانەكان بدەین، ئەو چینە سیاسەتمەداری ئێستا عێراقیان رووبەڕووی گەندەڵی و بەرتیل كردۆتەوە".
لایەنگرانی سەدر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، لە دوێنێوە چەندین شەقامیان بە رووی هاتوچۆ داخستووە و لە بەرامبەردا حكوومەت ژمارەی هێزە ئەمنییەكانی لە خاڵەكانی پشكنین لە ناوچەی سەوز زیاد كردووە و بەردەم وەزارەتەكانی دەرەوە، بەرگری، پلاندان و چەندین بینای دیكەی حكوومی لە ناوچەكە تەلبەند كردووە.
موقتەدا سەدر لە ١٢ی ئەم مانگە لە روونكردنەوەیەكدا داوای لە حكوومەت كرد چاكسازی ئەنجام بدات و گوتی: "تا ئەوكاتەی چاكسازی ئەنجام دەدرێت هەموو رۆژێكی هەینی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین". لە بەرامبەردا حكوومەت بە بیانوی كردەی تیرۆر رایگەیاند كەوا رێگە بە خۆپیشان نادات".
سەدر لە ١٢ی شوباتی رابردوو داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كرد چاكسازی ئەنجام بدات و بۆ ئەم مەبەستەش ٤٥ رۆژ مۆڵەتی بە ناوبرا دا.