Sarmand Hameed
08 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2018
هەولێر - AA
لیستەكانی سائیرون بە سەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و وەتەنییە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی و حیكمە بە سەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەمار حەكیم، هاوپەیمانییەتییەكیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق راگەیاند.
هاوپەیمانییەكە لەژێر ناوی (زۆرینەی نیشتمانی باوكایەتی) پێكهێنراوە و لەسەر ١٢ خاڵ ڕێككەوتوون.
هاوپەیمانییەتییەکە رایگەیاندووە کە دەرگای هاوپەیمانییەتییەکان بەرووی لایەنەکانی دیکەدا کراوەیە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە سائیرون و حیکمە و وەتەنییە لەسەری رێککەوتوون، یەکێتی خاکی عێراق و پابەندبوون بە دەستوور و رەخساندنی دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکانە.
لە بەرنامەی حکوومی هاوپەیمانییەکە جەخت لە چاکسازی ئابووری، پەرەپێدان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدان بە وەبەرهێنان و لامەرکەزییەتی کارگێری و گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاوپێخشاندنەوە بە سیستەمی کارگێڕی و یاسا و رێنماییەکانی حکوومەتی پێشوو لە ماوەیەکی دیاریکراودا، کراوەتەوە.
لە خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لە ماوەیەکی دیاریکراودا ناوەڕۆکی کارنامەی حکوومەت جێبەجێ بکات.
لە خاڵێکی دیکەی هاوپەیمانییەتی نێوان سائیرون و حیکمە و وەتەنییە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵات کراوەتەوە.
له ههڵبژاردنه گشتییەكهی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، هاوپهیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٥٤ كورسی له كۆی ٣٢٩ كورسی بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و هاوپەیمانی وەتەنییە کە لە لایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووە خاوەنی ١٩ کورسی پەرلەمانی.