Zana Natık Kerem
21 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2018
یەمەن ــ AA
سوپای یەمەن رایگەیاند، ھێزەکانیان پێشڕەویی باشیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حووسییەکان لە پارێزگای سەعدە باکووری وڵات کردووە، ھەروەھا ناوەندی شاری باقم-یان لە ھەموو لایەکەوە گەمارۆداوە.
بە پێی بەیاننامەیەکی ناوەندی راگەیاندنی سوپای یەمەن، فەرماندەی لیوای ١٠٢ی سوپای یەمەن، عەمید یاسر حارسی رایگەیاندووە، دوای سێ رۆژ لە شەڕو پێکدادان، ھێزەکانیان پێشڕەویی باشیان لە شاری باقم کردووە و رووبەرێکی بەرفراوانیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.
یاسر حارسی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ھێزەکانیان، بەشێکی زۆری دۆڵی سوعبان، زنجیرە چیاکانی یەفع بچووک و تەباب یەزھەر لەگەڵ بەشێک لە چیای حەیدیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە، ھەروەھا بەردەوامن لە پێشڕەوییکردن بە ئاراستەی ناوەندی شاری باقم.
بە گوتەی سەرچاوەکە لە میانی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان سوپای یەمەن و حووسییەکاندا، ٣٠ چەکداری حووسی کوژران و بریندار بوون، ھەروەھا ژمارەیەکی دیکەش کە لە نێویاندا فەرماندەی باڵای حووسییەکان ھەن دەستگیرکراون.
فەرماندە سەربازییەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە سوپای یەمەن ناوەندی شاری باقمی لە ھەموو لایەکەوە گەمارۆداوە بە ئامانجی ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێکی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی پارێزگای سەعدە باکووری یەمەن.