Zana Natık Kerem
15 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە رێز لە وادە دەستوورییەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی دەگرن و پایەندی یاساکانیش دەبن، ئەمەیش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراکی ھەڵوەشاندەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە کە مستەفا کازمی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە حکوومەتی عێراق رێز لە وادە دەستوورییەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی دەگرێت و پابەندی یاساکانیش دەبێت و ھاتووە
"حکوومەتی ئێستا کە بەپێی دەستوور حکوومەتێکی کاربەرێکەری رۆژانەیە، پێشتر پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراکمان بەھۆی ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگاریی ئابووریی کە بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکەوە لە جیھان ھاتەئاوارەوە، پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت تا بتوانیین سەبەتەی خۆراک دابین بکەین، پاڵپشتی خێرایش بۆ کەرتی کارەبا بەرلە ھاتنی وەرزی ھاوین پێشکەش بکەین، بەرلەوەی قەیران لە بەرھەمھێنانی وزە سەرھەڵبدات و پێدانی کارەبایش لە پارێزگاکانی عێراق کەم بکرێتەوە".
راشیگەیاندووە "ھەروەھا پڕۆژەیاساکە پاڵپشتی لە چاودێری کۆمەڵایەتیی بۆ پاراستنی چین و توێژە ھەژار و کەمدەرامەتیەکان لەبەرامبەر قەیرانی ئابووریی جیھانی و دابینکردنی خزمەتگوزاری لەشارەکان و رەخساندنی ھەلی دامەزراندن بۆ دەرچووان و بێکاران و دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و مامەڵەکردن لە گۆڕانی ئاووھەوا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە کە بەدینەھێنانی ھەموو پێداویستییەکان، دەبێتە ھۆکار بۆ پەکخستنی رۆڵی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانە، ھەروەھا دابینکردنی داواکارییەکانی گەلی عێراق و پاراستنی ھەژاران و دابینکردنی خزمەتگوزاری، کارەبا و رێگاگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک.
مستەفا کازمی داوا لە ھەمووان دەکات کە بەرپرسیاریێتی لە ئەستۆ بگرن، بۆ ئەوەی ئالنگارییانە چارەسەر بکرێت کە لە سایەی ھەستیاری رەوشی ئێستا، بەرەوڕووی وڵات بووەتەوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دیێت ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی لەسەر سکاڵای پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، باسم خەشان پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراکی ھەڵوەشاندەوە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق کرابوو.