محەمەد شیاع سوودانی و نێچیرڤان بارزانی پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
محەمەد شیاع سوودانی و نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان لەبارەی باشترین ڕێگا بۆ ڕێکخستنی پابەندبوونە ھاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و ھەرێم کرد، ئەوەش لەسەر بنەماکانی دەستوور و ئەوەی لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵییدا پەسەندکراوە.

Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی پێشھات و ڕووداوەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە نێچیرڤان بارزانی.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانەی دیدارەکەدا، پێشھات و ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراوە، ھەروەھا باس لە پێویستی پشتیوانی کردنی حکوومەتی فیدراڵیی کراوە، ئەوەش بە ئامانجی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، بەشێوەیەک کە خواستەکانی ھاووڵاتییان لە سەرانسەری وڵاتدا بەدی بھێنێت.
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، دۆسیە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیان خراوەتە بەرباس، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی و باشترین ڕێگا بۆ ڕێکخستنی پابەندبوونە ھاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و ھەرێم، ئەوەش لەسەر بنەماکانی دەستوور و ئەوەی لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵییدا پەسەندکراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا، ھەروەھا ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی ھەماھەنگی و ھاوکاری ھاوبەش لە نێوان سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکاندا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و لابردنیان لە وڵاتدا، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی ھەموو گەلی عێراق بەدی بھێنێت و چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری نیشتمانی پتەوتر بکات.
دوێنێ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی بە ئامانجی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، مووچەی مووچەخۆران، بابەتی دەروازە سنوورییەکان و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵیی و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.