Muhammet Ali Kemal
20 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
کەرکووک- AA
لەماوەی مانگی رابردوودا لە کەرکووک هێزەکانی پۆلیسی شارەکە، ٢١٥ گومانلێکراوی داعشیان دەستگیرکردووە.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، عەمید خەتاب عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: ''لە هەڵمەتەکانی مانگی رابردووی هێزەکانی پۆلیسدا ٢١٥ گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون. لەلێکۆڵینەوەکانیشدا لەگەڵ گومانلێکراوەکاندا، ئەوە دەرکەوتووە کە زۆرینەیان ئەندامانی شانەی نوستووی رێکخراوەکە بوون لە کەرکووک''.
خەتاب عومەر باسی لەوەکرد بەمەبەستی پاراستنی باشتری شارەکە پێویستیان بە پۆلیسی زیاترە و رایگەیاند: ''بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ناوەندی کەرکووک، پێویستمان بە ٣ هەزار پۆلیسە. چەندین ساڵە لە کاتی پاراستنی شارەکەدا یان بەرەنگاربوونەوەی داعشدا سەدان پۆلیسمان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون. بەمەبەستی پڕکردنەوەی شوێنەکانیشیان، چەندین جار داواکاریمان پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بەڵام کەموکوڕییەکانیان بۆ پڕ نەکردووینەتەوە''.
هاوکات بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، عەمید سەرحەد قادر باسی لەوەکرد دادگا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە سەدان گومانلێکراوی داعش دەرکردووە کە رادەستی کراون و گوتی: ''لەماوەی ٨ مانگی رابردوودا دادگا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ٢٠١ گومانلێکراوی داعش کە لە تاوان و کردەوە تیرۆریستییە جۆراوجۆرەکاندا تێوەگلاون دەرکردووە''.
عەمید سەرحەد قادر باسی لەوەشکرد بوونی چەکدارانی داعش لە باشووری شارەیە مایەی هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر شارەکە و گوتی: ''داعش کە لەسەدا ٣٠ کەرکووکی بەدەستەوەیە و لە حەویجە هێشتا هەزاران چەکداری رێکخراوەکە بوونیان هەیە کە ئەمە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر شارەکە. بەتایبەت لە ماوەی مانگی رابردوودا نزیکەی هەموو رۆژێک هێرش و پەلامار بۆ سەر باشووری شارەکە ئەنجامدەدەن ئەگەرچی هێرشی بچووکیش بن''.