Hawkar Yaseen
27 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2020
هەولێر - AA
لە هەولێر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی: "یەکێتی وەک بەشدارێکی سەرەکی پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، گوتیشی کێشەی لایەنە سیاسییەکان نابێت لە دامودەزگا حکوومییەکاندا رەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەک بە پشووفراوانییەوە ھاوکار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، چونکە ھەموو دەسکەوتەکانمان ئەنجامی یەکڕیزی و تەباییمان بووە، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین ھاوکار بین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختە و قەیرانەکان تێپەرێنین".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە "خەڵکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای تەحەمولکردنی سەختییەکان، نیگەرانن لە گرژیيە ناوخۆییەکان و چاوەڕوانن لایەنەکان دۆخێکی لەباری سیاسیی برەخسێنن، گوتیشی حکوومەتی ھەرێم حکوومەتی ھەموو هەرێمی کوردستانە و پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەت پشتگیريی لە کارنامەکەی بکەن، چونکە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەکەیە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردووەتەوە "حکوومەتی ھەرێم ھەموو تواناکانی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو رەوشە ئابووری و تەندروستییە نەخواراوە تێپەڕێنێت و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان باشتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پاڵپشتیی ھەموو لایەنەکانە".