بەغدا
بە پێی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە شەش مانگی رابردوودا تا ئێستا لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات 264 چەكداری داعش لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و هێرشی ئاسمانیی و بۆردومانی فڕۆكەکانی هاوپەیمانان كوژراون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ سەعد موعین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە میانی شەڕ و هێرشی ئاسمانیی و بۆردومانی فڕۆكەکانی هاوپەیمانان لە شەش مانگی رابردوودا لە ناوچە جیاجیاكانی باكوور و باكووری رۆژئاوای وڵات، 231 چەكداری داعش كوژراون و 33ی دیكە بریندار بوون.
موعین لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە شەش مانگەی رابردوودا 104 چەكداری داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین و 74 چەكداری دیكە لە پارێزگای دیالە و 53 چەكداری دیكە لە شاری بەغدا و دەوروبەری لە لایەن هێزەکان و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە كوژراون".
گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوە کردووە هەر لەو ناوچانە 33 چەكداری داعش بریندار بوونە.
ئەم روونكردنەوەیەی گوتەبێژەكەی وەزارەتی ناوخۆ هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی هێرش و شەڕی دژی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی باكوور و باكووری رۆژئاوای عێراق.