واشنتۆن
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بۆ تاوتوێ کردنی مەشق پێکردنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا، لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوە مەدەنییەکان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە.
بە پێی بەیاننامەیەک کە لە لایەن ناوەندی فەرماندەی ھێزی سوپای ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە ١٢ - ١٣ی کانوونی دووەم لە ئیستانبوڵ ئەنجام دراوە.
فەرماندەی ھێزی تایبەتی ئەمریکا جەنەراڵ میکایل ناگاتا و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سوویا دانیاڵ رۆبینستیەن، لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنەکانی میانڕەو و رێکخراوەکانی سووریا گفتوگۆیان لە بارەی بەرنامەی مەشق پێکردن و دەستەبەر کردنی تیمی تایبەت بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوە لە دژی داعش کرد.
ھەریەک لە وڵاتانی تورکیا، سعودیە و قەتەر میواندارێتی کۆبوونەوەکانی بەرنامەی مەشق پێکردنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریایان قبووڵ کردبوو.
لە لایەکی دیکەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەی تێچووی بۆ بەرنامەی مەشق و راھێنانی بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرپەرشتی ئۆباما، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ واژوو کردبوو.
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە ئەگەر ئامادەکارییەکان لە مانگی بەھاردا کۆتایی پێ بێت ئەوە دەست بە بەرنامەی مەشق پێکردن دەکرێت.
بە پێی پلانەکانیش ئەو سەربازانەی مەشقیان پێدەکرێت لە تورکیا ساڵانە ٥٠٠ بۆ دوو ھەزار و ئوردن و سعودیە پێنج ھەزار سەرباز مەشق دەبینن، بەمەش لە ماوەی سێ ساڵدا ئامانج ئەوەیە کە ١٥ ھەزار سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریا مەشقی پێبکرێت.
ھەرچەندە ئەمریکا ھەوڵەکانی تەنیا بۆ مەشق پێکردنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریایە بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەھێشنی داعش، بەڵام ئەوەش گیراوەتە بەرچاو کە ئۆپۆزسیۆنەکانی میانڕەوی سووریا ئەگەری ئەوەیان ھەیە ئەو تیمانە لە دژی ئەسەد بەکار بێنن.