هەولێر
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزێكی پێشمەرگە كە لە ١٥٠ كەس پێكهاتوون، لەرێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرەو توركیا و دواتریش بەرەو كۆبانێ بەڕێ بكەون، بەئامانجی جێگرتنەوەی ئەو هێزەی ئێستا كە زیاتر لە مانگێكە لە كۆبانێ شەڕی داعش دەكەن".
ئەو بەرپرسی پێشمەرگە كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێ گوتیشی: "تەواوی هێزەكە ئامادەكراوە و چەند رۆژێكە چاوەڕوانی رەزامەندی بەرپرسانی توركیا بوون، بۆ گواستنەوەیان بەرەو كۆبانێ".
پاش رێكەوتنی نێوان بەرپرسانی توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە رێگای خاكی توركیا و هاوكاری لۆجستیكی ئەو وڵاتە، بەمەبەستی پاراستنی كۆبانێ لە پێشڕەوییەكانی چەكدارانی داعش و نەكەوتنی، چوونەتە كۆبانێ.
یەكەم كاروانی هێزی پێشمەرگە، لە 28ـی تشرینی یەكەمی 2014 بە چەكی قورسەوە لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت .
كاروانی دووەم، بە هەمان ژمارەی كاروانی یەكەم لە 3ـی كانوونی یەكەمی 2014بەڕێكەوت و تا ئێستا لەوێن، بە چوونی ئەم هێزە تازەیە هێزەكەی نێو كۆبانێ دەگەڕێنەوە هەولێر .
بەگووتەی بەرپرسانی پێشمەرگە ئێستا زیاتر لە ٧٥% شاری كۆبانێ لەدەستی هێزەكانی كوردی شارەكە دایە، لە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پێكهاتوون.