ھەولێر
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ئەرشاد سالحی لە دێمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی رەوشی تورکمانەکانی عێراقی دوای ھێرشەکانی داعش کرد.
سالحی گوتی: لە نێوان ناوچەی عەرەبە سوننەکان و ھەرێمی کوردستاندا شوێنی مانەوەی تورکمانەکان ھەیە کە پێکھاتووە لە کەرکوک، باشووری کەرکوک، ئاڵتن کۆپرو، خورماتو، دیالا، جەلەولا، قەرەتەپە و تەلعەفەر.
بەداخەوە داعش بەشێکی ئەو ناوچانەی خستە سەر ھەرێمی سوننەکانەوە و بەشێکی دیکەی خستەوە سەر ھەرێمی کوردستان، رێکخراوی تیرۆریستی داعش پڕۆژەیەکی ھێنایە عێراق، ھەرێمی سوننە، شێعە و کوردی دەستنیشان کرد بەڵام تورکمانەکانی لەسەر نەخشە سڕییەوە بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تورکمانەکان ئەمە قەبووڵ بکەن.
سالحی گوتی: بەداخەوە ئەوەی لە عێراق چەک و پارەی ھەبێت خاوەن ھێزە بەڵام تورکمانەکان حاڵی حازر نە پارەیان ھەیە نە چەکیان ھەیە، ئەوانەی دەنگمان دەبیستن با بێ زەحمەت بە ھانامانەوە بێن، بۆ ئەوەی تورکمانەکان بتوانن رێگری لە ھەر رووداوێکی نەخوازراو یا ھەر کارەساتێک بگرن پێویستە بەر لە ھەموو شتێک لە نێوسیاسەتی عێراقدا ببنە خاوەن ھێز بۆیە لە تورکیا و لە ھەر کەسێکی دیکە داوای ھاوکاری دەکەین.
سالحی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: جۆگرافیای تورکمانەکانی عێراق ئەمجارە لە ژێر ھەڕەشەیەکی زۆر گەورەدایە و ئێمە بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە لکاندنی کەرکوک و شارەکانی دیکەی تورکمانەکان بە ھەرێمەکانی دیکەوە نادەین.
سالحی لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا مەترسی پارچە بوونی عێراق ھەیە؟ گوتی: سیاسەتی ئەمڕۆی عێراق نیشان دەدات کە حاڵی حازر عێراق پارچە کراوە، ھەرێمی شێعەکان دیارە، ھەرێمی سوننەکانیش پێکھاتووە لە موسڵ، ئەنبار و چەندین شوێنی دیکە، جۆگرافیای کوردیش روون و بەرچاوە، دوای پڕچەک کردنیان لە لایەن ئەمریکاوە سوننەکانیش جۆگرافیای خۆیان دەستنیشان دەکەن، لێرەدا ئەوەی رووبەرووی زەرەر و زیانی گەورە دەبێتەوە جۆگرافیای تورکمانەکانە.
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لە بارەی چارەسەری کێشەکانی کەرکوکەوە کە زۆرینەی دانیشتوانی تورکمانن، سالحی گوتی: با بە شێوەیەکی کاتی کەرکوک بکرێتە وەکو ناوچەیەکی سەربەخۆ، نابێت کەرکوک بخرێتەوە سەر کوردستان یا بخرێتە دەستی لایەنێکی دیکە، کاتێک کەرکوک وەکو ھەرێمی کوردستان بکرێتە ناوچەیەکی سەربەخۆ ئەوا بودجەی تایبەت بە خۆی دەبێت، دەستووری تایبەتی دەبێت، رەنگە ئەمە تاقە چارەسەری بێت بۆ کەرکوک، بێجگە لەمە ئەگەر حکومەتی کوردستان ئەمرواقێعی بۆ کەرکوک ھەبێت ئەوا لە داھاتوودا کێشە دەکەوێتە نێوانمانەوە و ئێمەیش نامانەوێ رووبەرووی ئەو کێشانە ببینەوە وەکو منداڵە کورد و تورکمانەکان دەمانەوێ لە داھاتوودا لێرە پێکەوە بژین.
سالحی باسی ھەبوونی ھێزی پێشمەرگەی لە کەرکوک کرد و گوتی: بە پێ دەستووری عێراق پێشمەرگە بەشێکە لەھێزی بەرگری عێراق بەڵام دەبێت دوای کۆتایی ھاتنی تیرۆری داعش پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
سالحی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دژی چەکدار کردنی تورکمانەکانە و رێگری لە دانی چەک بە تورکمانەکان دەکات. بەداخەوە ھەرێمی کوردستان رێگە نادات تورکمانەکان چەک و سوپایەکی تایبەتیان ھەبێت و حکومەتی ناوەندیش بۆ نەشکاندنی دڵی ھەرێمی کوردستان رێگا نادات تورکمانەکان چەکیان ھەبێت، لە راستیدا نابێت چەکداربوونی تورکمانەکان ببێتە مایەی ترسی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بێتۆ تورکمانەکانیش چەکدار بکرن ئەوا پێکەوە لەگەڵ کورد شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکەن، حاڵی حازر لە تازەخورماتو و بەشیر گروپە چەکدارە خۆبەخشەکانمان بەرگری لە تورکمانەکان دەکەن بەڵام ژمارە و ئیمکانیاتەکانیان زۆر کەمە، دەمانەوێ ھێزەکانمان رێکخراوەییتر بن وەکو ھێزی پێشمەرگە پێویستە سوپای تورکمانەکانیش ھەبێت و داواکاری ئێمە لە کورد ئەوەیە چی دیکە دژایەتی چەکدار کردنی تورکمانەکان نەکەن.
سالحی لەبەردەوامی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە رازی بن ئەوا بە لانی کەمەوە تورکمانەکان دەتوانن سێ ھەزار چەکداریان ھەبێت و ئەو ھێزە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا خۆی رێکدەخات و من پێم وایە ئەمەیش ھیچ جۆرە مەترسییەکی نییە.
سالحی گوتی: بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خۆمان سەرەتا لە حکومەتی ناوەندی و دواتر لەو وڵاتانەی رۆژئاوایی کە چەک بە پێشمەرگە دەدەن داواکارین کە چەکیش بە ئێمە بدەن. لە دوای کۆتایی ھێنان بە تیرۆری داعش لە نێوان تورکمانەکاندا ھیچ جۆرە جیاوازییەکی شێعە و سوننە نییە، لە تەلعەفەر تۆزێک ئەو جیاوازییە بەرچاو کەوت بەڵام پشت بەخوا دوای ئەم بارودۆخە زەحمەتە لە تەلعەفەریش برایەتی دەبێت، دواجار سەردانی باشووری عێراقم کرد و چوومە لای برا تورکمانە شێعەکان کە ئاوارەی باشووری عێراق بوونە و ھەرکەس دەیەوێ زووتر بگەڕێتەوە بۆ تەلعەفەر.