زامبۆئانگا
رێبەری کاتۆلیکەکانی جیھان پاپا فڕانسیس گوتی: "ئازادیی رادەربڕین تەنیا یەک نییە لە مافەکانی مرۆڤ بەڵکو بۆ دەربڕینی بیروڕا لەبارەی بەرەژوەندییە ھاوبەشەکانیشەوە ئەرکێکی گرنگە، بەڵام ئازادی رادەربڕینیش سنووری ھەیە. بۆ نموونە ئەگەر ئەم ھاوڕێ خۆشەویستەم دکتۆر گاسپاری قسەی خراپ بە دایکم بڵێت ئەوە بە دەموچاویدا دەدەم (بە گاڵتەوە) بۆیە ئازادی رادەبڕین ئەوە نییە تۆ بێڕێزی بەکەس یان نرخەکانی کەس و لایەنێک بکەیت و کەس بۆی نییە لە ژێرناوی ئازادی رادەربڕیندا بێڕێزی بە ئایینی کەسێکی دیکە بکات".
پاپا جەختی لەوە کردەوە کە "بەھیچ شێوەیەک ئەو ھێرشانەی کرانەسەر گۆڤاری شارلی ئیبدۆ راست نین بە پێچەوانەوە ئەو ھێرشانە کە بە بەکارھێنانی ناوی خوا ئەنجام دراون بێ واتان و شێت بوون".
پاپا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەر ئازادیی ئایینی و ئازادیی رادەربڕین بێنە پاڵ یەکتر ئایا سنوورێکیان ھەیە یان نا؟ گوتی: "چەندکەس و لایەنێک ھەن کە ئایین یان ئایینەکانی دیکە بە ھەند وەرناگرن و گاڵتەیان پێ دەکەن، ئەمانە ئاژاوەگێڕن، ئەگەر یەک قسەی خراپ بە دایکمان بڵێت چی بەسەری دێت، ئەوە ھەر ئەوشتە بەسەر ئەمانەیشدا دێت".
پاپا فڕانسیس کە یەکەم پاپایە دوای ٢٠ ساڵ سەردانی فیلیپین دەکات، بەشداری لە رێوڕەسمەکانی ئاینیی لە مانیلای پایتەخت و شاری لەیتەدا دەکات.
لە میانی ئەو سەردانەدا کە پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت نزیکەی ٤٠ ھەزار پۆلیس و سەرباز بۆ پاراستنی ئاسایش لە ئامادەباشیدا دەبن. سەدا ٨٠ی سەم ملیۆن دانیشتووی فیلیپین کاتۆلیکن و موسڵمانەکان کە سەدا پێنجی دانیشتوانی ئەو وڵاتەن بەگشتی لە باشووردا دەژین.