ئەنقەرە
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەفکان ئالا لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی خەبەر تورکدا وەڵامی چەندین پرسیاری لە بارەی قۆناغی چارەسەریی و بێدەنگ کردنی چەکەکانی دایەوە و گوتی: "هەمیشە دەڵێن کە لە تورکیا سەرقاڵی چارەسەر کردنی پرسێکی زۆر گەورە و ئاڵۆزین، بۆیە لێدوانی جیاواز لە بارەی ئەوە دەدرێت کە لەم رۆژەدا دەبێت وا بێت و لەو مێژووەدا ئەو رووداوە روو دەدات، ئەمانە دەبنە هۆی دەرکەوتنی چەندین دەرئەنجامی جیاجیا لە نێو رای گشتیدا کە لە چوارچێوەی ئامانجەکانماندا نین، ئەوەی راستییە ئەوەیە کە هەموو کەسێک دەیەوێت قۆناغی چارەسەریی بگاتە ئەنجام و بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری لەو قۆناغە دەکات. بۆیە ئێمەش هەنگاوی ئەوتۆ دەنێین کە بە خێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا بتوانین بەرەو پێشەوە بچین و بگەینە ئەنجام و تا بەو جۆرە تورکیاش ببێتە تورکیایەک کە چ لە ناوچەکەدا و چ لەسەر ئاستی جیهاندا ببێتە خاوەن قسە".
ئالا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی شەڕی دژی پێکهاتەی شاراوەی نێو دەوڵەتی کرد و گوتی: "ئاکپارتی لە ماوەی دەسەڵاتداریدا بازنەی ئازادییەکانی لە تورکیا بەرفراوانتر کرد و ناوی جەماعەت و پێکهاتە ئاینییەکانی لە نێو تۆماری دەوڵەتدا کە وەک دوژمن تۆمار کرابوون رەش کردەوە. بەڵام چەند کەس و لایەنێک لە ژێر ناوی هاوکاری مرۆیی دەستیان بە کۆکردنەوەی باج لە خەڵک کردووە و ئەو کەسانەش کە باجیان نەداوە تووشی کێشە و گرفتیان کردوونە و رەوانەی بەندیخانەیان کردوونە، یەکێک لەو کەسانەیان گرتووە کە لە بواری باجەکاندا قاچاخچێتی کردووە و باجیان لە ژێر ناوی هاوکاری مرۆیی لێ وەرگرتووە و ئازادیان کردووە، بەڵام ئەوانەی باجیان بە پێکهاتەی شاراوە نەداوە رادەستی دادگا کراون و بە تۆمەتی جیاجیا سزا دراون. ئەو راستییانە دوای تۆمار کردنی چەندین سکاڵا هەموویان ئاشکرا کران. هەر ئەو پێکهاتەیە بە شێوەیەکی نایاسایی گوێ بۆ بەشێکی یەکجار زۆری دامودەزگاکانی حکوومەت و بەرپرسانی باڵای حکوومەت گرتووە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایە کۆتایی بە پێکهاتەی شاراوە هاتووە یا نا؟ ئالا گوتی: "بەردەوامین لە هەوڵەکانمان لە دژی ئەو پێکهاتەیە و لەو چوارچێوەیەدا رێگەیەکی باشمان بڕیوە".