Abdullah Shukur,Mazın Asad
19 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند کە رادەستکردنی مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ بە داعش لە لایەن سوپای عێراق و ھاوکات ئامادەکاری ئێستای ئەو رێکخراوە بۆ بەجێھێشتنی مووسڵ تەنھا یارییە و لەم ساتەش لەوانەیە تەلەعفەر بکرێتە ئامانج.
ساڵحی بە رێگەی تەلەفۆن وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ کرد.
ساڵحی ئاشکراشی کرد کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش پرۆژەیەک بووە بۆ دابەشکردنی عێراق و رووخاندنی باری ئابووری ناوچەکە. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: " داعش بە ٢٠٠ چەکدار چووە نێو مووسڵ. لە بەرامبەریدا ٦٠-٧٠ ھەزار سەربازی سوپای عێراق ھەبوو. ئایا بۆچی مووسڵیان رادەستی داعش کرد؟ لە راستیدا ئەم رێکخراوە بۆ پرۆژەیەک ھاتە ئەم ناوچەیە کە لە لایەن کەسانێکەوە بۆی دیاریکرابوو، ئێستاش لە ساڵی ٢٠١٦ بە بێ شەڕکردن ئەو ناوچەیە بەجێدەھێڵن, واتە ئەو ئەرکەی پێیاندرابوو، کۆتاییھات".
ساڵحی ئاشکراشی کرد کە داعش گەورەترین زیانی لە ناوچەی تورکمان نشینەکان داوە و بە بڵاوبوونەوەیان لە کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالە، ناوچە تورکمانییەکانیان کردووەتە جێگەی شەڕکردن".
"لە دوای رۆیشتنی داعش لەوانەیە تەلەعفەر بکرێتە ئامانج"
ساڵحی ئاماژەی بەوە دا کە پەکەکە بە بیانووی داعش، خۆی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.
ساڵحی لە درێژەدا گوتیشی: "نیگەرانین بەوە کە لە دوای رۆیشتنی داعش، لە موسڵ و بە تایبەتیش تەلەعفەری جوگرافیای تورکمان بکرێتە ئامانج. دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ مەترسی ئەوە ھەیە کە پەکەکە بە یەکجارەکی لە شنگال بمێنێتەوە. واتا ئەو رێڕەوەی پەکەکە کە لە سووریاوە ھاتووەتە شنگال، بگاتە تەلەعفەر. ئێستا پەکەکە لە کەرکووک و دوزخورماتوو بوونی ھەیە. خەڵکی موسڵ داوا دەکات ئۆپەراسیۆنەکە بە ھەستیاری ئەنجام بدرێت. پێویستە موسڵ بۆ خەڵکی موسڵ جێ بھێڵدرێت، چونکە لە موسڵ عەرەب، تورکمان، کورد، ئێزیدی و کریستیان و لایەنەکانی دیکە دەژین".
سەرۆکی بەرەی تورکمانی روونیشی کردەوە ئەگەر رێکخراوانی تیرۆریستی لە جوگرافیای تورکمان بمێننەوە، ئەوە ئاوارەکان ناچار دەبن جارێکی دیکە روو لە ناوچەکانیان نەکەن و راشیگەیاند لە پێناو دابینکردنی ئاسایش، پێویستە ھێزەکانی موسڵ و تەلەعفەر دەست باڵا بن.
ئەرشەد ساڵحی لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە حکوومەتی عێراق کێشەکان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات و گوتیشی: "لە خاکەکانی عێراق نە رێکخراوە موجاھیدەکانی گەل و نەش پەکەکە شوێنی ھەیە".
سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش دا کە لە رابردوودا بەھۆی ئایین و مەزھەبەوە لە ناوچە جیاکانی عێراق، کۆمەڵێک کێشەی تایفەگەری و سیاسی رووی داوە و گوتیشی: "بۆیە ھەستیارییەک لەوبارەیەوە ھەیە. نامانەوێت جارێکی دیکە دەرفەت بە گرووپی دیکەی وەک داعش لە موسڵ بدرێت. ئینشەڵڵا موسڵ لە داعش رزگار دەکرێت و مرۆڤەکان بە یەکجارەکی لەوێدا دەمێننەوە".
ساڵحی ھۆشدارییەکانی دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتی عێراق وەبیرھێنایەوە لەبارەی پێشێلکارییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجە دژی داعش و لەوبارەیەوە ھیوای خواست ھەمان دیاردە دووبارە نەبێتەوە و راشیگەیاند پێویستە ھەموو شتێک لە چوارچێوەی یاساکان ئەنجام بدرێت و زیاتر گوتیشی: "بە پێچەوانەوە ئەو ھەڵومەرجانەی لە ئۆپەرسیۆنی موسڵ دێتە ئاراوە رەنگە ئاگر بۆ شەڕی ناوخۆ خۆش بکات. پێویستە ئاگاداری ئەوە بن کە خەڵک و سەربازان رووبەڕووی یەکتر نەبنەوە. حکوومەتی بەغدا لەوبارەیەوە بەڵێنی داوە. بۆ نموونە دوای دەرکردنی داعش، ئاسایشی ناوخۆی موسڵ لە لایەن خەڵکی موسڵ و پۆلیسی شارەکە دابین دەکرێت. ھاوکات پێویستە دوای دەرکردنی داعش لە شارەکە، پێویستە رەچاوی مەترسی فشار خستنە سەر ھێزە خۆبەخشەکان، پێکھاتەی ئەتنیکی و ئایینی بکرێت. بۆ نموومە تورکمانەکان نەتەوەیەکی بێ چەکە و ئەگەر دوای ئۆپەراسیۆنەکە لە دەوروپشتیان گرووپی چەکداری ھەبێت، ئەوە ناتوانن ھەناسە وەربگرن".