Hemn Baban
07 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2016
ئەندامی لێژنەكەی پەرلەمان خەڵەف ئەحمەد بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "كار دەكەین بۆ ئەوەی بزانیین كێ ئەو پەینەی هێناوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی بگرینە بەر".
لێژنەی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەكانی پەرلەمانی كوردستان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە تەلاری پەرلەمان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ سەرۆكی لێژنەكە و جێگرەكەی و ژمارەیەك لە ئەندامانی بەست لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەینێكی كیمیایی ئێرانی لە هەرێمی كوردستان كە زیانی بۆ بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان هەیە.
لەوبارەیەوە سەرۆكی لێژنە پەرلەمانییەكە یەعقوب گۆرگیس یاقو لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لەسەرەتاوە گوتی: "ئەمڕۆ لێژنەی كشتوكاڵ لەبارەی بابەتێكی زۆر گرنگ بۆ كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی گرێدا كە تایبەت بوو بە هاتنی جۆرێكی زۆر خراپی پەین بۆ هەرێم، گوتیشی: "ئەو جۆرە پەینە خراپ و بەسەرچووە".
جێگری سەرۆكی لێژنەكەی پەرلەمان لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو غەریب مستەفا لەو رووەوە گوتی: "پاش ئەوەی لێژنەكەیان بەدواداچوونی بۆ جۆرە پەینێكی كیمیاوی هاوردەكراو لە ئێرانەوە كرد دەركەوت ئەو پەینە كە ناوی"DAP"ە بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی هەولێر و سلێمانی پەینی كیمیاوی نییە بەڵكو خۆڵە و زیان بە كشتوكاڵ دەگەیەنێت".
گوتیشی: "ئەمڕۆ لێژنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەینی كیمیاوی لە وەزارەتی كشتوكاڵ كۆبوونەوەی خۆمان كرد و پاش گفتوگۆیەكی چڕ گەیشتینە ئەوەی كە دەبێت جووتیارانی كوردستان ئەو جۆرە پەینە كیمیاوییە نەكڕدرێت كە ناوی داپە و هەر كەسێك كڕێویەتی بەكاری نەهێنێت، هەروەها نووسراو ئاراستەی هەرسێ وەزارەتی دارایی، ناوخۆ، كشتوكاڵ دەكەین هەستن بە بەدواداچوونی پێویست تا دەربكەوێت كێ و چۆن و كەی ئەو پەینە كیمیاوییە هاتووەتە ناو كوردستان، چونكە ئەو پەینە زیان بە ئاسایشی خۆراك دەگەیەنێت و زیانی گەورە بە جووتیاران دەگەیەنێت".
دواتر شارەزا لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆتان عزەدین فەیزی لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "هەر پەینێك دێتە هەرێمی كوردستان پێشتر چەند رێوشوێنێك دەگیرێتە بەر و پێش هێنانی پشكینین بۆ پەین دەكرێت تا بزانیین شیاوە بۆ هێنان یان نا".
گوتیشی: "ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرك ئاگاداردەكرێنەوە و لە مەرزەكانیش تاقیگەی پشكنین هەیە كە نموونەی پەینەكان وەردەگیرێت و پشكنینی تەواوی بۆ دەكرێت، ئێمە لێرەوە هۆشداریی دەدەینە جووتیاران كە بەرهەمی كۆمپانیای گەوهەر شیما ماهای ئێرانە و ناویشی داپە، نێترۆجینی دەبێت 18 بێت و ئەوەشی لەو پەینە هەیە زۆر كەمە و رێژەی ترشیشی زۆر زیاترە لەوەی پێویستە و ئەوەش كاریگەریی بۆ بەرووبومەكانی كشتوكاڵ بە خراپی دەبێت".
ئەندامی لێژنەكەی پەرلەمانی كوردستان خەڵەف ئەحمەد گوتی: "مەبەستی یەكەم لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكە لە قۆناغی یەكەم ئەوەیە ئەو پەینە كیمیاوییە بە خەڵك و جووتیاران بەتایبەت بناسێنین بۆ ئەوەی كەس بەكاری نەهێنێت، ئەو جۆرە پەینە زیانی زۆری بۆ پێكهاتەی زەویش هەیە".
گوتیشی: "پاشان لە قۆناغی دووەم رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بزانیین ئەو كۆمپانیایە كامەیە كە ئەو پەینە كیمیاوییەی هێناوەتە كوردستان، دواتریش لەرێگەی داواكاری گشتی و دادگەوە رێوشوێنەكانی بەرامبەر دەگیرێتە بەر".
بەپێی زانیارییەكانی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەو پەینە كیمیاوییە ئێرانییە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە هێنراوەتە هەرێمی كوردستانەوە و چەندین تۆنی بەكارهێنراوە بەتایبەت بۆ گەنم و رەز و باخ.