Hemın Othman Mohammed
07 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2016
راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركڵ رایگەیاند "هەماهەنگی نێوان یەكێتی ئەورووپا و توركیا گرنگە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی پەنابەران، لەبەرئەوە لە لوتكەی 28ەمینی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا چاوەڕوانی دانوستانی زۆرەملێ دەكەین".
مێركڵ، لە كاتی هاتنی بۆ بینای ئەنجوومەنی یەكێتی ئەورووپا، كە لوتكەی یەكێتی ئەورووپا و توركیای تێدا ساز دەكرێت، بۆ رۆژنامەنووسان دوا و جەختی لەسەر گرنگی ئەو لوتكەیە كردەوە كە 28 وڵاتی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا و توركیای كۆكردۆتەوە و گوتی: "لەو باوەڕەدام كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی یەكێتی ئەورووپا، یەكێك بێت لە گرنگترین كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە. ئومێدەوارم هەنگاوێكی دیكە بۆ پیشەوە بنێین".
راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەوەشی خستە روو كە لە چوارچێوەی پلانی هەڵمەتی هاوبەشی یەكێتی ئەورووپا و توركیادا، لە لوتكەكەدا تاوتوێی چارەسەری ئەو كێشە سەرەكیانە دەكەین كە رێگە لەبەردەم لێشاوی پەنابەراندا دەكەنەوە، لەگەڵ باشكردنی دۆخی پەنابەران لە توركیا. هەروەها باس لە باشتر پاراستنی سنوورەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی مرۆڤ دەكەن.
گوتیشی: "ئومێدەوارم لە ژێر رۆشنایی ئەو ئامانجانەی دیاریمان كردووە هەنگاوێكی دیكە بچینە پێشەوە، بەڵام بۆ ئەوەش دانوستانی زۆرەملێمان لەبەردەم دایە. پێموایە كە لوتكەكە چەند كاتژمێرێك زیاتر بخایەنێت تا دەگەینە ئەنجام".
راوێژكاری ئەڵمانیا، رەخنەی لەو رێوشوێنانە گرت كە لەلایەن هەندێك وڵاتی یەكێتی ئەورووپاوە تاك لایەنانە گیراوەتەبەر و بەپێویستی زانی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا بە هاوبەشی كار بكەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی پەنابەران.
مێركل هەروەها باسی لە گرنگی دەستەبەركردنی ئاسایشی سنوورەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا كرد لە پێناو بەردەوامی دان بە سیستمی شنگن لەنێوان وڵاتانی یەكێتی ئەورووپادا گوتی: "بۆ ئەمە پێویستە لە ئیجەدا هەماهەنگی لەگەل توركیادا بكەین. وەك وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەورووپا لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنەكەدا ئاماژەمان بەوە كرد كە دەخوازین بەرەنگاری كۆچی نایاسایی ببینەوە، ئەوەش تەنیا بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ توركیادا".