Zana Natık Kerem
11 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2017
تەرابلووس ــ AA
وەزارەتی تەندروستی سەربە حكوومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا رایگەیاند كە لە ئاکامی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی سەربە حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی و حکوومەتی رزگاریخواز لە رۆژهەڵاتی شاری تەرابلوس پایتەختی لیبیا، چوار كەس كوژراون و ٢١ی دیكەش برینداربوون.
هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمنی لیبی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە ئەمڕۆ دووبارە شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سەربە حكوومەتی ویفاقی نیشتمانی و حكوومەتی رزگاریخواز سەری هەڵداوەتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش دا كە شەڕو پێكدادانەكە لەو كاتەدا رووی دا كە هێزەكانی سەربە حكوومەتی رزگاریخواز ئامادەكارییان دەكرد بۆ چوونە ناو شاری تەرابلوس.
لە رۆژی یەكشەممەی رابردوووەوە شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سەربە حكوومەتی ویفاقی نیشتمانی و حکوومەتی رزگاریخواز لە رۆژهەڵاتی شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا روودەدات كە تا ئەمڕۆ سێشەممە بەردەوامە.