Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2017
بەغدا ــ AA
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ٧٢هەمین خولی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیۆیۆرك، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف كۆبوویەوە.
لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، نووسینگەی وەزیری دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە لە پەراوێزی زەنجیرە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك، بە بەمەستی تاوتوێكردنی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری و توركیا، چاوشئۆغڵو و ئێران، محەمەد جەواد زەریف كۆبوونەوە.
بە پێی بەیاننامەكە لە میانی كۆبوونەوەكەدا هەر سێ وەزیرانی دەرەوەی عێراق، توركیا و ئێران جەختیان لەسەر یەكێتی سیاسی عێراق و پاراستنی خاكەكەی كردەوە، هەروەها نیگەرانی خۆشیان لەبەرامبەر ئەو ریفراندۆمەی كە هەرێمی كوردستان سوورە ئەنجامی بدات نیشان دا و ئاماژەیان بەوە داوە، ئەو سەركەوتنە گەورانەی كە عێراق بەسەر داعشدا تۆماری كردووە دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە بەشداربووانی كۆبوونەوە دووپاتیان كردووەتەوە كە ریفراندۆمەكە نادەستوورییە، هەروەها دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ملمڵانێیەكان لە ناوچەكە كە چارەسەركردنی ئەستەم دەبێت.
لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، بەشداربووانی كۆبوونەوەکە رایانگەیاندووە كە بە هەموو شێوەیەك ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە رەت دەكەنەوە و جەختیان كردووەتەوە كە گرنگە هانی سەركردەكانی كورد بدرێت لەوەی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەزببنەوە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتە روو كە هەر سێ وەزیرانی دەرەوە دووپاتیان كردووەتەوە كە ریفراندۆم سوودی بۆ كورد نابێت، هەروەها رێككەوتن لەسەر ئەوەی کە بە هەماهەنگی رێوشوێن و هەنگاو دژ بە ریفراندۆمەكە بگرنەبەڕ بێ ئەوەی سروشتی ئەو رێوشوێنانە روون بكاتەوە.
تا ئێستا هەردوو لایەنی توركی و ئێرانی هیچ روونكردنەوەیەكیان لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاونەكردووەتەوە.