Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، ئەدهەم بارزانی لە سەرەتای كۆنگرەكەدا بەشداری ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی سنوورەكەی لە گردبوونەوەی رۆژی رابردووی یاریگای سلێمانی بۆ پشتیوانی ریفراندۆم بەرز نرخاند، ئەو ئاماژەی كرد بەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە رێگای گەڕانەوەیدا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر دووجار پەیوەندی پێوە كردووە و سوپاس و دەستخۆشی لە بەشداربووانی گردبوونەوەكە كردووە و خۆشحاڵ بووە بە ئامادەیی ئەو ژمارە زۆرەی بەشداربووان.
ئەدهەم بارزانی گوتیشی: "ئەو جۆش و خرۆشەی لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ پشتیوانی ریفراندۆم، جۆش و خرۆشێكی ئاسایی نییە و زۆر گەورەیە و جێگای شانازییە، ئەوەش پەیامێكە بۆ هەمووان كە رێگایەكی دروستان هەڵبژاردووە و لە مێژەوە خەباتتان بۆ داوە".
ئەو هەروەها گوتی: "گردبوونەوەكەی دوێنێی سلێمانی، پەیامێكی بەهێز بوو بۆ بەغدا و ئەو بیرە شۆڤێنیانەی كە لە عێراقدا هەن، لە چەند رۆژی رابردوو هەندێك لە سەركردەكانی ئەوان باسی ئەوەیان دەكرد كە ئەگەر كاك مەسعود پێی دەكرێت بابچێتە سلێمانی و گردبوونەوەیەكی زۆر بچوكیش ئەگەر پێی دەكرێت بیكات، ئەو هات و هەموو خەڵكی ئەم دەڤەرە بەو گەورەییە پێشوازییان كرد كە بەهەمان گەورەی هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بوو".
ئەدهەم بارزانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لە بارەی ریفراندۆم و بەدیلەكانەوە، گوتی: "تائەمڕۆش هیچ بەدیلێك نییە و جەنابی سەرۆك ئاماژەی كرد بەوەی ئەگەر بەدیلێك هەبێت لە ریفراندۆم بەهێزتر، ئێمە لە رۆژی 25ی مانگدا ئاهەنگی ئەو بەدیلە دەگێڕین نەوەك ریفراندۆم بكەین، بەدیلەكە دەبێت وابێت كە زامنی سەربەخۆیی كردبێت، ریفراندۆمیش هەربۆ ئەوەیە كە زامنی سەربەخۆیی بكات".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی بەردەوامی گوشارە نێودەوڵەتییەكان و بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی ریفراندۆمەوە، ئەدهەمەم بارزانی لە وەڵامدا گوتی: "بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جاری یەكەم نیە و لەسەر ئاستەكانی تریش كۆمەڵێك بەیاننامەی تر دراون و لە ئەورووپا و وڵاتانی دەوروبەریش بەهەمان شێوە، رای هەمویان دیارە، ئەوەی ئێمە تەمەننای دەكەین هەموو بابەتەكانی ریفراندۆم بەشێوەیەكی ئارام و بە لێكتێگەیشتن و دیالۆگ لەنێوان هەموومان، هەموو دەوڵەتەكانی جیهان و هەرێمی و لە سەروو هەمووشیانەوە دەوڵەتی ناوەندی بەغدا، كێشەی ئێمە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدایە، ئەم بابەتە دەبێت لەنێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت، چ پێویست بوو هەموو ئەو دەنگ و بەیاننامانە لەسەر بابەتێكی دیموكراسی و راپرسی لە هاووڵاتیان دەربكرێت".
ئەو هەروەها گوتی: "لە ساڵی 1925 بە زۆری ئاسمانی هێزی بەڕیتانیا لكێندراین بەم دەوڵەتە ناشەرعییەی كە لەم ناوچەیەدا دروستبوو(عێراق) و پرسیارێك لە ئێمە نەكرا و بۆچوونی كورد وەرنەگیرا كە ئایا پێتان خۆشە لەگەڵ بەغدا بژین، ئێمە ئێستا دەمانەوێت پرسیارێك لە میلەتی خۆمان بكەین كە ئایا پێتان خۆشە بەو ژیانە بەردەوام بن لە عێراق یان نا، سەركردایەتی سیاسی كوردیش مامەڵەی كردووە لەگەڵ ئەو بەیاننامە و كاردانەوانەی وڵاتانی جیهان و دەوروبەر".
ئەو سەركردەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی كرد بەوەی لە رۆژانی داهاتووشدا سەركردایەتی سیاسی كورد بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكات كە ئەزموونی رابردوویان لەبەرچاوە.