Zana Natık Kerem
03 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی پێشوازی كرد لە وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردكانیان و شاندی یاوەری و كۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا، هاوكارییەكانی نێوان عێراق و ئێران بە تایبەتیش لە بواری كارەبا تاوتوێ كراوە، هەروەها جەخت لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە هەموو جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رووبەڕووی رەوشێكی سەخت بووەتەوە كە كاریگەری لەسەری ئابووری دروست كردووە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە پێویستی زانیوە كە هەوڵەكان زیاتر چڕ بكرێنەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەو رەوشە گرژ و ئاڵوزەی كە وڵاتانی ناوچەكە رووبەڕووی بوونەتەوە و راشیگەیاندووە كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشتر بكەن و حكوومەتیش لەچوارچێوەی كارنامەكەیدا هەوڵەكانی بۆ فراوانكردنی هاوكارییەكان لەگەڵ وڵاتانی دیكە خستووەتەگەڕ.
لای خۆیەوە وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردكانیان رایگەیاندووە كە وڵاتەكەی پەرۆشی ئەوەیە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەكاندا، پتەوتر بكات.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردكانیان بە یاوەڕی شاندێك گەیشتە، بەغدا و لەمیانیدا لەگەڵ سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح كۆبوویەوە.