سياسەت, کۆڤید- ١٩

حکوومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی کرێچی موڵکەکانی حکوومەت و پێشینەکان دەرکرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكوومەت و بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن و دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتيیان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكوومی و شارەوانيیەكان.

Sarmand Hameed  | 03.06.2020 - نوێکردنەوە : 04.06.2020
حکوومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی کرێچی موڵکەکانی حکوومەت و پێشینەکان دەرکرد

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكوومەت و بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن و دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتيیان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكوومی و شارەوانيیەكان.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو ماوەیەیە کە کەوتووەتە نێو قەدەغەی هاتوچۆ کە وەک رێکاری خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنرابوو.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە ٥١ی لە ٥ی ئایار دەکردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ هەمواركراو، و لە پێناوی سووککردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر ڕۆشنایی كۆنووسی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٢٧ لە ٢٠٢٠/٥/٥ ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی داوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، بریادراوە بە لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكه‌، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتوچۆ.

هەروەها بڕیاردراوە بە بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیيەکانی حكوومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تێدا دراوە، وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.

لە بڕگەیەکی دیکە بڕیاردراوە بە دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتيیان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكوومی و شارەوانيیەكان له‌ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاندووە کە لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.

هاوکات بڕیاردراوە بە داشکاندنی بڕی لە سەدا ١٥ لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو ٢٠٢٠/٦/١٥.

راشیگەیاندراوە کە پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكیيەكانی دیكه‌ كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانیيەوە.

هەروەها بڕیاردراوە بە داشکاندنى ڕێژەی لە سەدا ١٥ لەو پێشینانەى حکوومەت کە لەلای هاووڵاتیيانە وەک (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیـریی و قەرزى بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێک هاووڵاتیيان ئامادە بن تا رۆژى ١٥ى تەمووزی ٢٠٢٠ تەواوى بڕى پێشینەکان بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە و ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەکان ناگرێتەوە کە بە کۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەک ئاسانکاریی بانکی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın