شیکردنەوە

شیکاریی.. پەیامە دیپلۆماسییەکانی لووتکەی تاران

- لە سەردەمێکدا پوتین کە لە گۆشەگیری دیپلۆماسییدایە، بەشداریکردنی لە لووتکەی تاران و وێنەگرتنی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگە بۆ خۆی، بەڵام گرتنی ئەو وێنەیە لە تاران هەڵگری واتایەکی دیکەیە.

Doç. Dr. Talha Köse  | 24.07.2022 - نوێکردنەوە : 25.07.2022
شیکاریی.. پەیامە دیپلۆماسییەکانی لووتکەی تاران

پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. تەڵحە کۆسە لە گوتارێکیدا بۆ بەشی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە پەیامە دیپلۆماسییەکانی لووتکەی تاران کرد.

***

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە دەستپێکی هەڵمەتی داگیرکردنی ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، دووەم سەردان و وەک جوگرافیای دەرەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی جارانیش دووەم سەردانی بۆ تاران-ی پایتەختی ئێران ئەنجام دا.

بەمەبەستی بەشداریکردن لە حەوتەمین کۆبوونەوەی زنجیرە لووتکەی سێقۆڵی لەسەر شێوەی ئاستانا پەیوەست بە سووریا، پوتین سەردانی تارانی کرد.

سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوەی دووقۆڵی و نێوان شاندەکانی لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی ئەنجام دا.

لە کۆتایی لووتکەکەشدا سەرۆکی وڵاتەکان چوونە بەردەم کامێراکان و بەیەکەوە وێنەی یادەوەیان گرت و بەیاننامەیەکی ١٦ ماددەییان بڵاوکردەوە.

بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، رووسیا هەوڵ دەدات ئاستی سەربازیی لە سووریا کەم بکاتەوە و هەژموونی سەربازیی-ستراتیجیی لەوێوە بگوازێتەوە بۆ ئۆکراینا. لە سەردەمێکدا پوتین کە لە گۆشەگیری دیپلۆماسییدایە، بەشداریکردنی لە لووتکەی تاران و وێنەگرتنی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگە بۆ خۆی، بەڵام گرتنی ئەو وێنەیە لە تاران هەڵگری واتایەکی دیکەیە.

ئێران کە لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی سیاسەتەکانی پاوەنخوازی لە ناوچەکە و گفتوگۆ ئەتۆمییەکانەوە کە نەیتوانی بەتەواوی بە ئەنجامیان بگەیەنێت، دووچاری گۆشەگیریی هاوشێوە بووەتەوە.

تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کرداریی لە دانوستانە ئەتۆمییە بەردەوامەکانی ڤیەننا ئەنجام نەدراوە، بەڵام ئێران پێی وایە بەهۆی قەیرانی وزە، پێگەی دانوستانەکانی بەهێزتر بووە. لە كاتێكدا هەندێك لە وڵاتانی ئەورووپا بەرگری لەوە دەکەن کە ئێران بخرێتە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی وزەوە، هەندێكی دیکە لە وڵاتان پێان وایە كە رەنگە ئەمە كێشەی دیكە دروست بكات. کەمکردنەوەی هەژموونی سەربازیی رووسیا له‌ سووریا‌، ئەو توانا‌یە ده‌ڕه‌خسێنێت که‌ سوودی نوێی بۆ ئێران هەبێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئێران بتوانێت ئه‌م توانایە‌ به‌دی بهێنێت، پێویستی به‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كی بنیاتنه‌رتر هەیە له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌.

- هێڵی سووری تورکیا تیرۆرە

سێیەمین لایەنی لووتکەکە کە تورکیایە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، پرۆسەیەکی خێرای بوژانەوە و ئاساییکردنەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بە تایبەت بەو رۆڵە هاوسەنگ و بەرپرسیارانەی وەکوو لایەنی سێیەم لە قەیرانی ئۆکراینادا بینیویەتی، تورکیا هەوڵدەدات پێگەی بنیاتنەرانەی خۆی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت. دەرکەوتنی تورکیا لەم تابلۆ سێ کەسییەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ رووسیا و ئێران. ئەو پەیامانەیش کە تورکیا لەم کۆبوونەوەیەدا دای، پێویستە بە جیا تاوتوێ بکرێن، چونکە جەختکردنەوەی (تورکیا) لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەبێ جیاوازی و بانگەواز بۆ گێڕانەوەی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا وەک پەیامە سەرەکییەکانی تورکیا دەردەکەون. لەسەر هەردوو پرسەکە جیاوازی بیروڕا لەگەڵ هەریەک لە رووسیا و ئێران، بەردەوامە.

ئاشکرایە کە رووسیا، جددیتر دەڕوانێتە هەوڵەکانی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری نێوان تورکیا-سووریا. هەرچی ئێرانیشە بەردەوامە لە پێداگریکردن لەسەر دژایەتیکردنی هەڵوێستی تورکیا لە بارەی نیگەرانییە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. حکوومەتی تاران رەوشی ستراتیجیی سووریا، عێراق و کۆی گشتی ناوچەکە بە گەمەیەکی دۆڕاو وەسف دەکات.

ئەم تێڕوانینەش، وای کردووە هەماهەنگی و رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێران لەسەر پرسی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مەحاڵ بێت. لە بەرامبەریشدا رووسیا بەردەوامە لە نزیکبوونەوە لە تورکیا و هەوڵەکانی تایبەت بە بەرژەوەندییە دوورمەوداکان و لەپێشینە ستراتیجییەکانی هەردوو وڵات. وێڕای جیاوازی بیروڕا لە زۆر بواردا، بەڵام ئەگەری هەیە تورکیا و رووسیا لە چەندین بواری جیاوازدا دەست بە هەماهەنگی بکەن. نیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگی کرداریی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکە، پەیامێکی گرنگی رووسیایە، چونکە ئەو هەڵمەتی ناشرینکردنەی لەئێستادا لە ئەورووپا دژبە خودی پوتین بەڕێوەدەچێت، رێگری لەوە دەکات کە پرسی ئۆکراینا و قەیرانەکانی دیکە بە رێگای دیپلۆماسیی تاوتوێ بکرێن. تورکیا لەڕێی دروستکردنی پەیوەندییەکی گونجاو لەگەڵ رووسیا و ئاسانکاریکردن بۆ قەیرانی ئۆکراینا، هەوڵدەدات رووسیا لە مەیدانی دیپلۆماسییدا بهێڵێتەوە. ئەم هەوڵانەی تورکیاش بۆ هێشتنەوەی رووسیا لەسەر میزی گفتوگۆ، لەلایەن زۆر وڵاتی ئەورووپایشەوە بە ئەرێنی لێی دەڕواندرێت.

- پاشخانی سیاسیی سەردانەکەی پوتین بۆ تاران

سەردانەکەی پوتین بۆ تاران ماوەیەکی کەم دوای گەشتەکەی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێکی گرنگ بوو. هەرچەند زۆر پێشتریش بەرنامە بۆ ئەو سەردانانە داندرابێت، ئەنجامدانیان لەو ماوە کورتەی نێوانیان بە رێکەوت نییە.

ئامانجی سەرەکی بایدن لە گەشتەکەی هاندانی سعوودیە بوو بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنێت، بەڵام چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەی بایدن لەو ماوە کورتەدا کاریگەرییەکانی ئەمە ببینێت زۆر لاوازە. نیگەرانی سەرەکی سەرۆکی ئەمریکا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەرلە هەڵبژاردنی ناوبڕ کە لە تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت هەنگاونانە بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت و هاوسەنگڕاگرتنی هەڵئاوسانی ئابووریی. دەسەڵاتی بڕیاردان لەوە سعوودیەیە. بایدن لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناچێتە هیچ شوێنێکی دیکە و گۆڕەپانەکە بۆ رووسیا و چین جێ ناهێڵین". ئەمریکا زیاتر لەوەی پەیامی بەهێزکردنی رێککەوتنەکان بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو ئاراستەیەدان کە هەژموونی کاراکتەرە جێگرەوەکان سنوودار بکات. واتا ئەمریکا زیاتر لە رێککەوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتەکەی لە بازنەی بەرگریکردندا بەردەوامی پێ دەدات.

پوتین-یش لای خۆیەوە دەیەوێت وای نیشان بدات هێشتا رووسیا کاراکتەرێکی دیارییکەرە لە بابەتە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە تایبەت لە سووریا و لیبیا. لە لایەکی دیکەیشەوە جەخت لەوە دەکاتەوە هێشتا وڵاتەکەی یەکێکە لە یاریکەرە هەرە کاریگەرەکان لە بابەتەکانی وەک ئاسایشی ئەتۆمی ئەورووپا و ئاسایشی خۆراک و وزە.

تاوتوێکردنی کردنەوەی رێڕەو بۆ رەوانەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە بۆ وڵاتانی جیهان لەلایەن سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە روانگەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ئەنجامەکانی زۆر گرنگن. هەرچەند رکابەری یەکتریش بن هەوڵەکانی تورکیا لەبارەی هەماهەنگی لە بواری وزەدا لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا و ئێران بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی بابەتێکی هەستیار و گرنگە. ئەو پەیامانەی لە تارانەوە دران لەبارەی پرسی وزە لە زستانی داهاتوو بۆ وڵاتانی ئەورووپا کە ترسیان لێ نیشتووە لەبارەی ئاسایشی خۆراکەوە گرنگیی تایبەت لەخۆ دەگرن.

- لەپێشترین و مژاری سێ وڵاتەکە یەک ناگرنەوە

وەکوو ئەنجام لووتکەی تاران بۆ هەر سێ وڵات واتای لێکجیاوازی هەبوو. تورکیا هێڵە سوورەکانی بیرخستەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەرنجی خستە سەر رۆڵە هەستیارەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا و ئۆکراینا بە رێگای دیپلۆماسیی.

ئێرانیش بەردەوامی دا بە بیرخستنەوەی توانای دروستبوونی کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام جارێکی دیکە ئەوەی خستە روو کە مەیلی نییە بۆ سیناریۆیەکی بەرفراوان و سەقامگیر. تاران هاوشێوەی هەموو کاتێک بەردەوام بوو لەو هەڵوێستەی کە داوای هەموو شتێک لە بەرامبەر دەکات، بەڵام ئامادە نییە هیچ جۆرە سازشێک بکات.

رووسیا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە لە بابەتە جیاوازەکان بەتایبەت لە وزە و خۆراکدا دەتوانێت ئەورووپا و تەواوی جیهان ناسەقامگیر بکات. پوتین ئاماژەی بەوە دا کە بەتەواوی داخراون نین لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگای دیپلۆماسیی، بەڵام ئەمە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە لایەنی بەرامبەر ئامادەی سازش بێت.

وەکوو ئەنجام کۆبوونەوەی لایەنەکان لەو کەشەدا وەک سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی دەتواندرێت لێک بدرێتەوە، بەڵام جارێکی دیکە دەرکەوت کە لەپێشترین و مژاری هەرسێ وڵات لەیەکتر جیاوازن.

*

[پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر تەڵحە کۆسە بەڕێوەبەری بەشی بڕۆکسل لە وەقفی لێکۆڵینەوە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان]

* ئەو تێڕوانینانەی لە گوتارەکەدا بەکارهاتوون، بۆچوونی خودی نووسەرەکەن و گوزارشت لە سیاسەتی ئاژانسی ئانادۆڵو ناکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın