سياسەت, عێراق

یەکێتی لەدوای کۆنگرەی چوارەم ئامانج و بەرنامەکانی

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستران عەبدوڵڵا: "یەکێتی کە بڕوای بە دیموکراسییە، خوازیارە سیستەمی لامەرکەزیەتی ئیداریی و دارایی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەستەبەر بکرێت"

Rewa Mahmood Hasan  | 04.06.2020 - نوێکردنەوە : 07.06.2020
یەکێتی لەدوای کۆنگرەی چوارەم ئامانج و بەرنامەکانی

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ۲۲ی ئایاری ١٩٧٥دا لە شاری دیمەشق پایتەختی سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەرانی ئەنجامداوە، دواتر لە یەکی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، وەک حزب خۆی راگەیاند.

٤٥ ساڵ لەمەوبەر هەریەک لە جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، فواد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی، كەمال فوئاد و عومەر شێخ موس بەرەیەکی نوێیان بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهێنا.

بەدرێژایی ئەو ٤٥ ساڵە، یەکێتی چوار کۆنگرە و ژمارەیەک پلنیۆمی بەستووە، دیارترینیان کۆنگرەی بوو کە دوای کۆچی دوایی سکرتێری گشتیی ئەو حزبە، جەلال تاڵەبانی سازکرا.

سەرەتا یەکێتی ھاوپەیمانێتییەک بوو لەنێوان پێنج قەوارەی سەربەخۆی سیاسی کە لەلایەن جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتی دەکرا کە بەشە سەرەکییەکانی ئەمانە بوون: "کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، شۆڕشگێڕان و هێڵی سەرەکی"، چینی خوێندەوار و رۆشنبیر پاڵپشتی سەرەکی یەکێتیی بوون لە هەرێمی کوردستانی عێراق، زۆربەی ئەندامەکانی لەو سەردەمەدا کەسی ئەکادیمی و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا بوون. لە بنەڕەتدا پارتەکە زیندووترین جوڵانەوەی سیاسی بوو کە وردە وردە ھاتە ناوەڕاستی مەیدانەکەوە و ئێستاش بووە بە پارتێکی سۆشیال دیموکرات و ئەندامە لە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەئێستادا، دووەم حزبی سیاسی دەسەڵاتدارە لە ھەرێمی کوردستان، ھاوکات ئەندام و ھەڵگری دروشمی سۆشیال دیموکراتە، تا ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە.

- مێژووی کۆنگرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆنگرەی یەکەم:

لە ٢٧ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەولێر ئەنجام درا کە تیایدا هەردوو باڵی (کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان) هەڵوەشانەوە، هاوکات سۆشیال دیموکراسی هاتە جێگای مارکسییەت و جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەم:

لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، جارێکی تر جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی سێیەم:

لە یەکی ئایاری ساڵی٢٠١٠ لە سێلمانی ئەنجام درا و ئەم جارەشیان، مام جەلال بۆ جاری سێیەم وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی چوارەم:

دوای ئەوەی سکرتێری گشتیی ئەو حزبە کە هاوکات سەرکۆماری عێڕاق بوو، کۆچی دوایی کرد، یەکێتی بەبێ سکرتێر بۆ ماوەیەکی درێژ کە دواجار بڕیار درا لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا، کۆنگرەی چوارەم لەژێر ناوی "کۆنگرەی نوێبوونەوە" ئەنجامدرا. دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و قبوڵکردنی سیستەمی هاوسەرۆکی، بڕیار درا بە دەستنیشانکردنی هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەک هاوسەرۆکانی یەکێتی.

ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی داوە و لەڕێی کۆنگرەکانییەوە تەواوی بنەماکانی کارکردنی خۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵک و بەدیهێنانی مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، تەرخان کردووە.

- "یەکێتی شەهیدی هەیە تورکمانە لەوانە شەهید ئاتالا"

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا کە هاوکات جێگری بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەنێو یەکێتیدا سەرجەم پێکهاتەکان بوونیان هەیە بە کورد، تورکمان، عەرەب، ئێزدی، مەسیحی و ئاشووری.

ستران عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات کە هەندێک لە شەهیدەکانی ئەو حزبە لەوانە شەهید ئاتالا و شەهید سەردار لە پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم بوون و لە پێناو یەکێتیدا گیانیان بەخت کردووە.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا کە بەدرێژایی قۆناغەکان حزبەکەیان خۆی ئامادەکردووە و بەرنامەی تۆکمەی دارشتووە، لەوانە لە سەرەتای کارکردنیدا مافی چارەی خۆنووسینی کردبووە ئامانجی خۆی، دواتر لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا هەوڵی چەسپاندنی فیدراڵییەتی داوە لە عێراقدا ئەویش لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی.

ستران عەبدوڵڵا جگە لە رابردوو پێی وایە کە لەدوای کۆنگرەی چوارەمەوە یەکێتی پێکهاتەیەکی نموونەیی لە حزب هێناوەتە کایەوە کە تەواو جیاوازە لە کارکردن و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیدا، بەجۆرێک بریارەکان بە دەستەجەمعی دەدرێن کە ئەمەش مۆدێلێکی پێشکەوتووە بۆ حزبەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی:

"ئێمە دەکرێت بیر لە خۆگۆڕین بکەینەوە پێش ئەوەی جیابوونەوە رووبدات، وەک ئاشکرایە چەندین جار جیابوونەوە روویداوە لەنێو یەکێتیدا، بۆیە گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتەی یەکێتیدا مەرج بوو، هەر بۆیە مۆدێلێکی گۆڕانکاری تەواو ئەنجام دراوە و دەکرێت ئەمە حزبەکانی تریش سوودی لێوەرگرن".

- "لە باوەڕبوونمان بە دیموکراسی، هەوڵ دەدەین لامەرکەزیەتی ئیداریی و دارایی بچەسپێت"

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا لەبارەی هەوڵەکانی یەکێتی لەئێستادا بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی و دارایی پێی وایە، ئەمە هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، رەتیشی کردەوە داواکردنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە ئەنجامی بێ متمانەیی بێت بە حوکمڕانی مەرکەزیی لە هەرێم چونکە ئەوان داوای لامەرکەزیەتی دارایی و ئیداریی بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەکەن و گوتی: "ئێمە پێمان وانییە نفوزی سیاسیی حزبێک لە شوێنێکدا رادەوەستێت، ئەمە نەخشەیەکە دەکرێت دیموکراسی گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت، ئەمڕۆ بۆ نموونە رەنگە هەولێر زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستان-ەوە بێت، بەڵام ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسی بێت رەنگە ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بادینان بۆ نموونە کە زۆرینەی بەدەست پارتی-یەوەیە ئێستا، بۆیە نابێت پێمان وابێت ئەمانە تا سەر بەدەست یەک حزبەوە دەمێننەوە لە ئیدارە خۆجێییەکاندا. لە سلێمانی کە یەکێتی ئەمەی کردووە، رۆژێک لە رۆژان گۆڕان دەنگی زیاتری هێنا لە ئەنجوومەنی پارێزگادا، بۆیە پارێزگار درایە ئەوان، ئێمە باوەڕمان بەوەیە رەنگە رۆژێک لە رۆژان یەکێتیی نیشتیمانیی ببێت بە هێزی یەکەم لە کوردستان کە لە دیموکراسیدا ئەمە قبوڵ کراوە، بۆیە ئێمە باوەڕمان وایە کە جۆرێک لە لامەرکەزی ئیدارایی و دارایی هەبێت لە دەسەڵاتی پارێزگا جیاوازەکاندا. هاوکات قەوارەی سیاسیی هەرێم بمێنێتەوە لە چوارچێوەی هەرێمێکیدا بۆ سەرجەم پێکهاتەکان، بگرە حەز دەکەین هەرێمی تریش لە پارێزگاکانی عێراقدا دروست بێت".

- "پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ حزبەکانی تر لە دوای کۆنگرەی چوارەم"

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا لەبارەی پەیوەندی یەکێتی بە پارتە سیاسییەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتی لەدوای کۆنگرەوە سەیری ریزبەندی هاوپەیمانێتییەکانی خۆی دەکاتەوە، دوای کۆنگرەش پەرە بە هەمان ئەو کولتوورە سیاسییەی مام جەلال دەدات کە بۆی بەجێهێشتوون و گوتی:

"بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێکردنی بەرنامە زۆر گرنگ ترە لەوەی چی بەردەکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەزموونی سیاسیی دەریخست، لەدوای جەنابی مام جەلال-یشەوە، کەس هێندەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ناتوانێت پرۆگرامی خۆی جێبەجێ بکات، ئەمەش وای کردووە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، بۆ لەمەودوا پێگەی سیاسیی خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا بەهێز بکات. لەسەر ئەو بنەمایە یەکێتیی نیشتمانیی ریزەکانی خۆی رێکخستووە و کۆنگرەی چوارەمی بەست، بەڵام ئێستا یەکێتی سەیری ریزبەندی هاوپەیمانێتیەکانی خۆی دەکاتەوە، بۆی زەڕووڕە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارت ولایەنەکانی تریشدا بەباشی بەرێوەبچن".

- "یەکێتی خاوەنی دوو رێککەوتنی سیاسییە لەگەڵ پارتی دیموکراتدا"

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا لەبارەی پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە لە حاڵی حازردا، یەکێتی دوو جۆر رێککەوتنی لەگەڵ پارتی هەیە، یەکێکیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتە کە ئەویش بەبێ داواکردنی زیاد لە ئیستحقاقی خۆی داوا نەکردووە، رێککەوتنێکی تریان سەبارەت بە سازانێتی لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، لەوانە دەستووری هەرێم، قسەکردن لەسەر پرسە گرنگەکان، یەکێتی پێی وایە دەبێت رێککەوتن و سازان بکرێت لەسەریان نەوەک تەنها لەگەڵ پارتی بەڵکو لەگەڵ سەرجەم پارتەکانی تریشدا.

- "یەکێتی و پەیوەندیە هەرێمایەتییەکان لەدوای کۆنگرەی چوارەم"

یەکێتی لەدوای کۆنگرەی چوارەمەوە مەکتەبێکی دروستکردووە کە خۆی لە چوار بەشدا دەبینێتەوە، لەو بارەیەوە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا گوتی: "ئێستا چوار بەش لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە، ئەوانیش، مەکتەبی پەیوەندییە عێڕاقییەکان، مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکان، لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییە هەرێمییەکان کە تورکیا و ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە. پێم وایە یەکێتیی نیشتمانیی گرنگییەکی زۆر زیاتر بە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی دەدات، بەتایبەت لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی گرنگە بۆ هەرێم، لەو چوارچێوەیەدا یەکێتی هیوادارە نوێنەری خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا، چونکە تورکیا بۆ یەکێتی وڵاتێکی گرنگە، ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەم حزبە پەیوەندییەکی باشی هەبووە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، لەئێستاشدا جگە لە مەکتەبی پەیوەندییەکان، هەریەک لە هاوسەرۆکان، خۆیان لەسەر هێڵ دەبن بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت تورکیا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın