Heman Hussein Yaseen
04 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2020
هەولێر – AA
بەمەبەستی هۆشیارکردنەوە و ھاندانی ھاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە بەکارھێنانی ماسک و دەستکێش، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە و دابەشکردنی ماسک لەلایەن پارێزگاری هەولێر لە بازاڕی ناحیەی کەسنەزان-ەوە دەستی پێ کرد و بڕیاریشە ئەم هەڵمەتە لە شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوام بێت.
فەرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە میانی دەست پێکردنی هەڵمەتەکە رایگەیاند کە ئەم ھەڵمەتە بۆ ئەوەیە ھاووڵاتییان ھانبدەن خۆیان بپارێزن بە بەکارھێنانی ماسک و دەستکێش و گوتی: "وەک ئیدارەی ھەولێر، هەڵمەتێکمان بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەکان دەست پێکردووە و ١٥٠ ھەزار ماسک دابەش دەکرێت، دوای ئەوە پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان وەک نەریتێک رابێن تا ئەو ڤایرۆسە مەترسییەکانی کۆتایی دێت، خۆیان بپارێزن و خۆشیان کەرەستەکانی خۆپارێزی دابین بکەن".
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەیش کرد کە هاوکات وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ سنووری پارێزگای ھەولێر بڕی ١٥٠ ھەزار ماسکی دیکەی دابینکردووە بۆ فەرمانگە و هێزە ئەمنییەکان تا دابەش بکرێت لە میانی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمییدا.
فرسەت سۆفی راشیگەیاند "ئەو ماسکانەی کە دابەشکراون لە کۆمپانیایەکی شاری هەولێر بەرهەم هاتوون، ئەوەیشی خستەڕوو کە نرخی هەر پاکەتێک ماسک ١٠ هەزار دینارە".
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند کە لە رۆژی یەکشەممەوە هیچ فەرمانبەرێک نابێت بچێتە فەرمانگەکەی بەبێ بەکارهێنانی ماسک و دەستکێش و جەختی لەوەشکردەوە کە قۆناغێکی نوێیان دەست پێکردووە و چاودێری رەوشی هاووڵاتییان دەکەن.
پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی گوتیشی: "دوای ئەوەی کە ژیان ئاساییکرایەوە و ڤایرۆسی کۆرۆناش مەترسی هەیە، بۆیە دەبێت هەموو کەسێک، دوکاندار، مارکێت، مۆڵ، نانەواخانە و تاکسییەکانیش ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن و لەمەودوا ئەم ڤایرۆسە لەگەڵ ژیان بەردەوامە و دەبێت هاووڵاتیی بۆخۆی، خۆپارێزیی بکات و رێگا لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرێت".
پارێزگاری هەولێر ئەوەیشی خستەڕوو کە سبەی هەینی لە میانی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە نوێژخوێنان و مامۆستایانی ئایینی بەرماڵی خۆیان ببەنە مزگەوتەکان و لەیەکتر دووربن و ئەمە دەبێتە عورفێک و بەردەوام دەبین، بۆیە دەبێت ژیانێک بکەین بە رێنمایی تەندروستییەوە.