Heman Hussein Yaseen
23 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2020
ھەولێر - AA
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت کە رێنماییان داوە بە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاشکرایشی دەکات کە تا دوێنێ شەممە، ٩١١ ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوەیان جیاکراونەتەوە و لەژێر چاودێری پزیشکی دەبن بۆ ماوەی ١٤ رۆژ.
وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێنماییەکانمان داوەتە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ھەموو ئەوانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ توێژێکی کۆمەڵگا ھەیە، وەکو پەروەردە، ئەوقاف، کەرتی گەشتیاری، فڕۆکەخانە و ژمارەیەک وەزارەتی دیکە وەک خوێندنی باڵا".
لەبارەی مەترسی لەسەر قوتابیان و ناوەندەکانی خوێندن، سامان بەرزنجی گوتی: "بە دڵنیاییەوە لە قوتابخانەکان رۆڵی باش ھەبووە بۆ ھۆشیارکردنەوەی قوتابیان، ھەروەھا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ھەماھەنگی لەگەڵ تیمی وەزارەت، کۆمەڵێک ڤیدیۆ و بابەتی دیکەی ھونەریی رۆشنبیریی تەندروستییان ئامادەکردووە، بڕیارە لە ئەمڕۆیەوە بڵاو بکرێتەوە لە کاتی ئێستادا رێنمایی لە ھەموو شتێک گرنگترە".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند کەسێک لە سۆشیال میدیا خۆیان وەکو پسپۆڕی تەندروستی دەناسێنن و باس لە ڤایرۆسەکە دەکەن کە ئەمە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە ناو ھاووڵاتییان، بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "بەداخەوە ھەر کەسێک ھەڵدەستێت ڤیدیۆیەک بڵاو دەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە حاڵەتی کۆرۆنا لە شوێنێک تۆمارکراوە، سەرەتا دەبێت بزانین کێ تۆماری کردووە، ئەگەر تۆمار بکرێت، ئەوا دەبێت ئێمە تۆماری بکەین وەکو وەزارەتی تەندروستی، ئەمە دڵەراوکێ دروست دەکات لەناو ھاووڵاتییان و ئەگەر ھەر گومانلێکراوێک ھەبێت بە کۆرۆنا ئەوا ئێمە نایشارینەوە، بۆیە داوا لە راگەیاندکاران دەکەین کە ئاگاداری ئەم جۆرە ھەواڵە بێ بنەمایانە بن و ئێمەش رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینە بەر، جگە لە وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھەموو ھەواڵێک نافەرمییە و جێگای باوەڕ نییە".

لەبارەی ئەو بوودجەیەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابینی کردووە، سامان بەرزنجی گوتی: "ئەم بوودجەیە بۆ ھۆشیارکردنەوە و خولی راھێنانە بۆ دابینکردنی شوێن بۆ حەوانەوەی ئەو کەسانەی کە لە کەرەنتینن و جیاکراونەتەوە و لە چەند شوێنێک ھەیە تا دوێنێ شەممە، ٩١١ گەشتیاری هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە و کەرەنتین کراون، بۆیە بوودجەکە دەستی وەزارەتە پەیوەندارەکانی کراوە کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە".
وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: "داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکەین کە لە گەشت دەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی ھاوکاریمان بکەن و بە ھەموولایەک رووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببینەوە".
بەگوتەی قایمقامی قەزای سۆران سەربە پارێزگای هەولێر، کرمانج عزەت نزیکەی پێنج ھەزار گەشتیار لە ھەرێمی کوردستانەوە لە رێگای مەرزی حاجی ئۆنەران چوونەتە ئێران و لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ گەڕانەوەی ئەو ژمارە ھاووڵاتییە، سامان بەرزنجی گوتی: "بابەتی کەرەنتین لە ھەموو دونیا جێبەجێ دەکرێت و ئێستا پێنج ھەزار کەس کۆنترۆڵ بکرێت باشترە لەوەی پێنج ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە ببێت، ئەو کەسانەیشی لە کەرەنتینن، تەنها بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی دەتوانن بێنە دەرەو، ئەگەر نا ھیچ لایەنێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە رێگا بە ھاتنەدەرەوەی ئەو ھاووڵاتییانە بدات".
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات ھەر حاڵەتێک ھەبێت ئەوا ئەنجامەکەی وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیھانی پەسەندی بکەن.