عێراق.. گرتنەبەری رێوشوێنی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا
- دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری نەجەف تۆمارکرا، کاربەدەستانی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنیان لە رووی تەندروستییەوە بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر.
Iraq
عێراق ـ AA
دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری نەجەف تۆمارکرا، کاربەدەستانی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنیان لە رووی تەندروستییەوە بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر.
دوێنێ دووشەممە له شاری نهجهف باشووری عێراق، یهكهم حاڵهتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا (Kovid-19) تۆماركرا كه ههڵگرهكهی خوێندكارێكی ئێرانییە.
لەوبارەوە پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو خوێندکارە ئێرانییەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراوهتهوه بۆ نهخۆشخانهیەک لە نەجەف و لهژێر چاودێریدایه.
لوئەی یاسری باسی لەوەشکردووە کە رێوشوێنی تەندرستی لە نەجەف گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە شارەکەدا بڵاونەبێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش، پشکنین بۆ سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەکرێت کە پێشتر لەگەڵ خوێندکارە ئێرانییەکەدا بوون.
پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری داوای لە حکوومەتی فیدرال کرد کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بە رووی هاتنی ئێرانییەکان بە تایبەتیش خوێندکارانی زانستە ئیسلامییەکان دابخات و ئیتر رێگەیان پێ نەدات روو لە عێراق بکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروردە لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند کە بە هۆی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەوامی قوتابخانەکان لە پارێزگاکە تا کاتێکی نادیار کراوە پشوو.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پەروردە لە پارێزگای نەجەف بڵاویکردەوە کە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، عادل بەسیسی بڕیارداوە دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکەدا تا کاتێکی نادیار بکرێت بە پشوو، بۆ ئەوەی تیمەکانی تەندروستی بتوانن رێوشێنی زیاتر بگرنەبەر بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەجەف.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە پارێزگای دیوانییە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ بۆ قوتابیانی پۆلەکانی یەکەم تا چوارەمی سەرەتایی تەنها لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئەنجامدەدرێن بۆ قوتابیانی پۆلەکانی پێنجەم و شەشەمی سەرەتاییش لە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە ئەنجام دەدرێن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوێنێ یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری نەجەف تۆمارکرا.
هاوکات پارێزگاری کەربەلا، نەسیف خەتابی رایگەیاندووە، هاووڵاتییەکی سعوودی لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئێرانی بەهۆی ئەوەی لەو وڵاتانەی کە تیایاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراو سەردانی کەربەلا-یان کردووە، کەرەنتین کراون.
نەسیف خەتابی لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە کە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەربەلا تۆمار کرابێت.
هەر لەوبارەوە شانەی قەیرانی تایبەت بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی کۆرۆنا لە پارێزگای ئەنبار بڕیاردا لەمەودوا رێگە نەدرێت سەردانی نەخۆشەکان بکرێت لە نەخۆشخانەکاندا.
شانەی قەیرانی تایبەت بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی کۆرۆنا لە پارێزگای ئەنبار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکەنەوە.
لە راگەیەندراوکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە سنووری پارێزگای ئەنبار تەنها بەڕیوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکە دەتوانێت لێدوانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدات بە تایبەتیش ئەگەر هەر حاڵەتێک لە ئەنبار بەدی بکرێت.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە لەچوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەکان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکان بۆ ١٥ رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.
هەروەها وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رايگەياندبوو کە بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانييەكانی لە بەغدا و نەجەف-ەوە بۆ ئێران هەڵپەساردووە.