سياسەت, عێراق

فراکسیۆنی پارتی: "کۆمسیۆن ناتوانێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدات"

فراکسیۆنی پارتی دیموکرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "ھەر وادەیەک لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکرێت، پێوەی پابەند دەبین".

Zana Natık Kerem  | 16.01.2021 - نوێکردنەوە : 16.01.2021
فراکسیۆنی پارتی: "کۆمسیۆن ناتوانێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدات"

Arbil

ھەولێر ــ AA

فراکسیۆنی پارتی دیموکرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کە ھەر وادەیەک لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکرێت، پێوەی پابەند دەبن و ئاماژە بەوەیش دەکات کە بە دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سێ مانگی دیکە، بەشداریکردنی سێ تەمەنی نوێ لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، لەو ماوەیە دەستەبەر دەکات.

لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شێروان دووبەردانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ھەر ودایەک لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکرێت، پێوەی پابەند دەبین، ئەگەر لە شەش حوەزیرانی ئەمساڵ بێت یان دوای ئەو وادەیە".

راشیگەیاند کە لە چەند رۆژی رابردوودا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار سازکرابوو تیایدا سەبارەت بە رێوشوێنە ھونەرییەکان تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە گفتوگۆکرابوو و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بەھۆی کەمی کاتەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ناتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدات".

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەشکرد کە لە رووی رێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە، وا باشترە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سێ مانگی دیکە دوابخرێت و گوتی: "بە دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سێ مانگی دیکە، سێ تەمەنی نوێ دەتوانن لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، بەشداری بکەن".

چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگاداری لەدایکبووانی ٢٠٠١، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣ کردبووە لەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی لە سیستەمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار بکەن.

گوتیشی: "تا ئێستا دۆسیەی ئاوارەکان دانەخراوە، ھەروها ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی تا ئێستا کارتی بایۆمەتریان تایبەت بە دەنگدان وەرنەگرتووە و جگە لەوەیش ھێشتا ھیچ بڕیارێک بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرنەکراوە".

پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئامادەیە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە شەشی حوەزیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدات و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە داوای نەکردووە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی ئەیلوولی داھاتوو دوابخرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın