Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەن دۆسیەی ئەمنی ناو شارەکانی عێراق بەڕێوەببەن.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی فەرمانی داوە کە گرنگی زیاتر بە مەشق و راھێنانەکان بە ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بدرێت و گوتی: "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەن دۆسیەی ئەمنی ناو شارەکانی عێراق بەڕێوەببەن".
پێشتر گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاندبوو لە رۆژانی داھاتوودا، رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی سەرجەم شارەکان لە لایەن سوپاوە بە ھێزەکانی پۆلیس کۆتایی دێت و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە لەمەودوا، ئەرکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە بازگاکانی نێو شارەکان، تەنھا پێشکەشکردنی یارمەتی دەبێت بە ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ.