Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە حكوومەتەكەی تا كۆتایی لە بارەی رادەستكردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی لە هەرێمی كوردستان بە دەسەڵاتی فیدرال، چاوەڕان نابێت.
ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هات كە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی كرد.
حەیدەر عەبادی گوتی: "وەك ئێستا نامێنینەوە و تا كۆتایی چاوەڕان نابین، هەنگاو لە بارەی دەروازە سنوورییەكان دەگرینەبەر، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان لە رێككەوتنەكەی ئەم دواییە پاشگەزبووەتەوە" بێ ئەوەی وردەكاری ئەو رێوشوێنانە بخاتەڕوو.
سەبارەت بە بەرنگاربوونەوەی داعش، حەیدەر عەبادی گوتی: "هێزەكانی فیدرال ئامادەكاری دەكەن بۆ پاككردنەوەی ناوچەی جەزیرەی بیابان سەربە قەزای روتبە رۆژئاوای ئەنبار، كە چەكدارانی سەربە رێكخراوی داعش خۆیان تیایدا حەشارداوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی باسی لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی:"حکومەتی عێراق پابەندە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە ٢٦ی مانگی رابردوو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكانی قائم و راوە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار راگەیاندبوو.
لە میانی پێشڕەوییەكانیاندا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكانی قائم و راوە، هێزە عێراقییەكان ناوەندی قەزای قائم و ژمارەیەك ناوچەیان كۆنتڕۆڵكردووەتەوە.