Hemn Baban
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2016
به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2017، نزیكه‌ی 20 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هه‌یه.
ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌جیبه نه‌جیب له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو له‌باره‌ی بوودجه‌ی گشتیی عێراقه‌وه بۆ ساڵی 2017 رایگه‌یاند: "پرۆژه بوودجه‌ی ساڵی 2017 هێشتا به‌ره‌سمی نه‌گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان و له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه، به‌ڵام ئه‌و داتایانه‌ی هه‌یه له‌و بوودجهیهدا ئه‌وه‌یه نرخی یەک به‌رمیل نه‌وت به 42 دۆلار دیاری كراوه و رۆژانه عێراق ده‌بێت سێ ملیۆن و 800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش دیاریكراوه كه هه‌رێمی كوردستان پێویسته رۆژانه 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكات به هی خۆی و كه‌ركووكیشه‌وه، هاوكات بوودجەکە پێشتر بڕی كورتهێنانێكی زۆری تێدابوو، چونكه له‌سه‌ر بنه‌مای 102 تریلیۆن دینار دانرابوو وله‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بوودجه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق نرخی یەک به‌رمیل نه‌وت به 35 دۆلار دیاریكرابوو له‌سه‌ره‌تادا، به‌ڵام كه كورتهێنانی زۆر بوو و گه‌یشته 30 تریلیۆن دینار، ئیدی نرخی نه‌وتییان بۆ 42 دۆلار زیاد كرد بۆ ئه‌وه‌ی كورتهێنان بۆ كه‌متر له 20 تریلیۆن دینار كه‌م ببێته‌وه".
سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستانیش له بوودجه‌ی گشتی عێراق، نه‌جیبه نه‌جیب له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پشكی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو هەردوو ساڵی 2015 و 2016 كۆپی په‌یست كراوه كه رێژه‌ی 17 له‌سه‌ده، له‌گه‌ڵ هەناردەکردنی 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركووك له رۆژێكدا، هه‌روه‌ها بوودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ش دیاری كراوه كه له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌می به‌رگریدایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه بڕیاری سیاسی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بوودجه‌ی پێشمه‌رگه نه‌درێت، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی كه باشتربووه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ و ئه‌مه‌ی دوایی نیازپاكی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌ت له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگ".
سه‌باره‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره روونی ده‌كاته‌وه: "حكوومه‌تی عێراق ده‌ڵێت پاره ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه به‌شی هه‌رێمی كوردستان ناكات، وه‌كو ژماره هه‌رێمی كوردستان مانگانه پێویستی به 850 ملیار دینار هه‌یه به‌ته‌نها بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، هه‌روه‌ها رێژه‌ی 17 له‌سه‌د دیار بێت، فه‌رمانبه‌رانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌ته‌نها له فرۆشتنی نه‌وت مووچه‌ی خۆیان وه‌رناگرن، به‌ڵكو له‌یه‌ده‌گی عێراقیش، به‌ڵام بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نییه، بۆیه پێویسته ئه‌وانه چاره‌سه‌ر بكرێت و حكوومه‌تی عێراق به‌ئه‌ركی ده‌ستووری و یاسایی به‌رامبه‌ر به فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبستێت".
قسانه‌کانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره له كاتێكدایه کە ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بوودجه‌ی ساڵی 2017ی په‌سه‌ند كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا بواری بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی هێشتووه‌ته‌وه و شه‌ڕی رزگاركردنی مووسڵیش وایكردووه تا راده‌یه‌ك ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دوابكه‌وێت.
نه‌جیبه نه‌جیب له به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا بۆ ئانادۆڵو سه‌باره‌ت به بوودجه‌ی وه‌به‌رهێنانیش له‌ناو بوودجه‌ی گشتی عێراق گوتی: "بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ 102 ترلیۆن دینارە، نزیكه‌ی 82 تریلیۆن دینار بوودجه‌ی به‌كاربردن(تشغیلی)یه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه بۆ وه‌به‌رهێنانه، ئه‌وه‌ی پێویسته بگوترێت ئه‌وه‌یه کە بوودجه‌ی وه‌به‌رهێنانیش چه‌ند ساڵه جێبه‌جێ ناكرێت و هه‌مووی بۆ به‌كاربردن ده‌چێت، هه‌روه‌ها ئه‌و جیاوازییه‌ی له نرخی نه‌وت به‌ده‌ست دێت ئه‌ویش هه‌ر ده‌چێته سه‌ر بوودجه‌ی به‌كاربردن".
ناوبراو هه‌روه‌ها باسی ئه‌و قهرزانهشی كرد كه حكوومه‌تی عێراق بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی له بوودجه ده‌یانكات به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بوونی شه‌ڕێكی سه‌خت كه به‌رۆكی گرتووه له‌گه‌ڵ داعش و هه‌روه‌ها ئاواره‌بوونێكی زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی و زیادبوونی خه‌رجییه‌كان له رۆشنایی كه‌میی نرخه‌كانی نه‌وت كه بوودجه‌كه‌ی كه‌مكردووه‌ته‌وه، ئه‌و گوتی: "حكوومه‌تی عێراق له‌ساڵانی 2015 و 2016دا قه‌رزێكی زۆری وه‌رگرتووه و ئه‌و قه‌رزانه بۆ ساڵی ئاینده‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، به نموونه قه‌رزی پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كه له سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ده‌درێت و تا ساڵی 2018 به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها بانكی نێوده‌وڵه‌تی دوو ملیار و ئه‌مریكاش دوو ملیار و به‌ریتانیا یه‌ك ملیار دۆلار و ئه‌ڵمانیا 500 ملیۆن یۆرۆ و ژاپۆن و بانكی ئیسلامیش قه‌رز ده‌ده‌ن، بۆیه ئێستا عێراق قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ره، به‌ڵام عێراق چونكه ده‌وڵه‌ته ده‌توانێت قه‌رز بكات و زیاتر له 20 ملیار دۆلار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بوودجه و دانی موسته‌حه‌قاتی فه‌رمانبه‌ران و پاره‌ی جووتیاران و هی تریش، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان چونكه ده‌وڵه‌ت نییه ناتوانێت ئه‌و شتانه بكات".
له‌باره‌ی ته‌رخانكردنی بڕه پاره‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ده‌ستی داعش ده‌رهێنراون له بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2017، نه‌جیبه نه‌جیب بۆ ئانادۆڵو گوتی: "باوه‌ڕناكه‌م هیچ بوودجەیەکی تایبەت ته‌رخان بكرێت و ئه‌گه‌ر ته‌رخان بكرێت له بوودجه‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌بێت، به‌ڵام پاره‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی له‌ده‌ستی داعش بوون و رزگاركراون له سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه رزگاركراوه‌كان ده‌بێت و دوو ملیار دۆلار له واشنتۆن كۆكرایه‌وه و زیاتر ئه‌و سندوقه پشت به هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تی ده‌به‌ستێت".