Hemn Baban
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
پارێزگاكانی باشووری عێراق رێژه‌ی هه‌ژاری تێیاندا بۆ 49 له‌سه‌د و پارێزگاكانی هه‌رێمیش بۆ نزیكه‌ی 12 له‌سه‌د زیادیان كردووه.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له‌سه‌ر زاری گوتەبێژەکەیهوه عه‌بدولزه‌هره هنداوی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای ده‌كات داعش زیانی زۆری به دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت گه‌یاندووه و ئه‌وه‌ش ده‌خاته روو په‌یداكردنی پاره بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌ستی داعشه‌وه بوون پێویستی به‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاریكاریی عێراق بكات.
هنداوی له‌وباره‌یه‌وه روونیكرده‌وه: "به‌پێی خهمڵاندنهكانمان وه‌كو وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆ ئه‌و زیانانه‌ی داعش له‌و ماوه‌یه‌ی كه چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقی داگیركردبوو تا ئێستا زیاتر له 36 تریلیۆن دینار كه نزیكه‌ی 30 ملیار دۆلار ده‌كات زیانی به دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت گه‌یاندووه و ئه‌وه‌ش له دوو توێی راپۆرتێكدا ئاماژه‌مان بۆ كردووه و روونمان كردووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی ئاینده‌دا راپۆرتێكی دیكه له‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌وه بڵاوده‌كه‌ینه‌وه كه داعش به كه‌رتی تایبه‌ت و به موڵك و ماڵی هاووڵاتییانی گه‌یاندووه، ئه‌و زیانانه‌شی كه داعش به دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی گه‌یاند له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا بووه و له‌هه‌موو كه‌رته‌كاندا هه‌بووه، كه‌رتی نه‌وتی، كه‌رتی ته‌ندروستی، خزمه‌تگوزاری، كاره‌با، ئاو و هتد".
هنداوی هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی گوت كه عێراق پێویستی به زیاتر له 35 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه به‌ده‌ستی داعشه‌وه بوون و ئەو ناوچانەشی کە هێشتا رزگارنەکراونەتەوە، ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه: "عێراق پێویستی بە زیاتر لە 35 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی هێرشەکانی داعشه‌وه وێران بوون، كێشه له په‌یداكردنی ئه‌و پارانه‌یه، چونكه عێراق به قه‌یرانێكی دارایی تێده‌په‌ڕێت، بۆیه ئه‌مڕۆ پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبستێت".
ناوبراو ده‌شڵێت: "به‌نیازبووین کە یه‌ك ملیارمان دەست بکەوێت، به‌ڵام له واشنتۆن نزیكه‌ی دوو ملیارمان ده‌ستكه‌وت، سندوقی ناوچه رزگاركراوه‌كان هه‌یه و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له كۆتایی ئه‌مساڵدا كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه كه دوو قۆناغ له‌خۆده‌گرێت یه‌كه‌میان خزمه‌تگوزاریی پێویسته و دواتر ئاوه‌دانكردنه‌وه كه ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ده‌رفه‌تی كار بڕه‌خسێنین و هه‌روه‌ها كرده‌یه‌كی دوو لایهنهیە بۆ باڵه‌خانه و بۆ مرۆڤه‌كانیش".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئانادۆڵو باسی له‌وه‌شكرد كه داعش له‌دوای داگیركردنی مووسڵ له 10ی حوزه‌یرانی 2014 و دواتریش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه، ئەوە وایكرد كه رێژه‌ی هه‌ژاری زیاتر ببێت.
له‌و رووه‌وه ئاشكرای كرد: "پێوه‌ره‌كانی هه‌ژاری به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له عێراق به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیووه، له‌دوای ساڵی 2014ه‌وه دوای ئه‌وه‌ی داعش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی زۆری له‌عێراق داگیركرد، پێش ئه‌وەش رێژه‌كه بۆ نزیكه‌ی 15 له‌سه‌دا له سه‌رجه‌م عێراق كه‌م بوویه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2010 رێژه‌كه 23 له‌سه‌دا بوو پاش ئه‌وه‌ی ستراتیژییه‌تی نیشتمانییمان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق خسته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی داعش و هه‌روه‌ها قه‌یرانی دارایی به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌گشتی وایان كرد رێژه‌ی هه‌ژاری زیاد ببێت و گه‌ڕایه‌وه بۆ رێژه‌كانی پێشووی و بۆ 22,5 له‌سه‌دا زیادی كردووه".
سه‌باره‌ت به رێژەی هه‌ژاری له هه‌رێمی كوردستاندا عه‌بدولزه‌هره هنداوی گوتی: "له هه‌رێمی كوردستان پێش ساڵی 2014 رێژه‌ی هه‌ژاری نزیكه‌ی 3 له‌سه‌دا بوو، ئێستا بۆ زیاتر له 12 له‌سه‌دا به‌رزبووه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌و ژمارە ئاواره زۆره‌ی روویان تێکردووە، هه‌روه‌ها له پارێزگاكانی وه‌كو ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا كه داعش داگیریكردن به نموونه رێژه‌كه به‌هۆی ئاواره‌بوون و هێرشەکانی داعشه‌وه بۆ 41 له‌سه‌دا زیادی كردووه".
گوتەبێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق گوتیشی: "پارێزگا گه‌رمه‌كانی وه‌كو كه‌ركووك و دیاله‌ش بۆ زیاتر له 30 له‌سه‌دا زیادی كردووه، رێژه‌ی هه‌ژاری له‌به‌غدای پایته‌خت بۆ 13 له‌سه‌دا زیادی كردووه، پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست بۆ 17 له‌سه‌دا، پارێزگاكانی باشوور بۆ 31 له‌سه‌دا زیادییان كردووه".
سه‌باره‌ت به هه‌ژارترین پارێزگاكانی عێراقیش ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئانادۆڵو روونیكرده‌وه: "رێژه‌ی هه‌ژاری به‌گشتی له پارێزگاكانی باشوور له به‌سرا، میسان، زیقار، سه‌ماوه و موسه‌نا رێژەیەکی بەرزە كه نزیكەی 49 لهسهدایە و ئێستا پارێزگاكانی كه داعش داگیركردنی كردن ئه‌وانیش زیادیان كردووه بۆ 41 له‌سه‌دا ئه‌وانیش ئه‌نبار و سه‌لاحه‌ددین و نه‌ینه‌وا،هه‌روه‌ها پارێزگاكانی دیكه‌ش له‌و نێوانه‌دان، پارێزگاكانی هه‌رێمیش كه‌مترین رێژه‌یان هه‌یه كه به‌گشتی 12 له‌سه‌دیان تۆماركردووه".
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی ئەو ئافرەتانەی کە لە عێراق بێوه‌ژن بوون كه ده‌گوترێت ملیۆنان كه‌س ده‌بن، هنداوی رایگه‌یاند: "ژماره‌كان زۆر زێده‌ڕۆییان تێداكراوه كه ده‌گوترێت ملیۆنان کەسن،لە راستیدا جگه له ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا نزیكه‌ی 850 هه‌زار كه‌سن، ئه‌گه‌ر ئه‌نبار و نه‌ینه‌واش هه‌ژمار بكرێن ئه‌و ژمارەکە ده‌گاته نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن، هەروەها ژماره‌ی وردی منداڵانی بێ باوک له عێراق 650 هه‌زار كه‌س ده‌بن جگه له نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار، ئه‌گه‌ر ئه‌و ژمارەی دوو پارێزگایەشی بخه‌ینه سه‌ر ناگاته 800 هه‌زار منداڵی بێ باوک".