Sarmand Hameed
07 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2018
بەغدا - AA
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند لەمیانی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە کەمپەکانی ئاوارەکانەوە گەڕاونەتەوە سەر شوێنی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو هەزارو ٢٥٠ کەس لە کەمپەکانی جدعە و حاجی عەلی و خازر و حەسەن شام گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە وەزارەتەکەیان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەر بە سوپا پاس تایبەتی بۆ گواستنەوەی ئاوارەکان و هەروەها بارهەڵگری بۆ گواستنەوەی کەولوپەلەکانیان دابین کردووە
بە هۆی پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای عێراق لە هاوینی ٢٠١٤ و دەستبەسەرداگرتنی رووبەری یەک لەسەر سێی خاکی عێراق، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هاووڵاتییانی عێراق لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆی پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق، سی ملیۆن و ٨٠٠ هەزاریان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو لە کۆی ئەو سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان زیاتر لە سێ ملیۆن و ٧٠٠یان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی بەر لە ئاوارەبوونیان.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاشکرایشی کردبوو کە وێڕای گەڕانەوەی زیاتر لە ٥٩٠ هەزار ئاوارە لە میانی ئەمساڵدا، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان سست بووە ئەمەش بە هۆی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووویان دەبێتەوە بۆ گەڕانەویان.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ئاوارەکانی گواستبووەوە کە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم گەڕانەوەیان بریتییە لە زیان و ئەو کاولکاریانەی بەر دانیشتوانی ناوچەکە گەیشتووە (٢٦ لەسەدا)، کەمی هەلی کار (٢٥ لەسەدا)، هەروەها نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکانیان (١٨ لەسەدا).
بە هۆی ئەو ئاستەنگانەوە پێشبینی دەکرێت لە میانی شەش مانگی داهاتوودا تەنها ٣٠ لەسەدی ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کە لە ئاوارەکانی گواستبووەوە، زۆرترین پێدوایستییەکانیان بریتییە لە رەخساندنی هەلی کار و چارەسەری کێشەکانی پەیوەست بە ئاوارەبوون و باشتربوونی دۆخی ئاسایش و دڵنیایی لە ئازادی هاتوچۆکردن.
لە رپۆرتەکەدا سەرۆکی نێردەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق، جێرارد وایت رایگەیاندبوو "جموجۆڵی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەردەوامە، ئێمە هەست بەوە دەکەن کە بەشێک لە ئاوارەکان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لە گەڕانەوەیان".
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردبوو کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و رێکخراوە ناوخۆیییەکان پرۆژەی گشتگیر لەو ناوچانە ئەنجام دەدات تاکو ببێتە هاندەرێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردبووەوە کە کاردەکات بۆ دووبارە بنیاتناوەی ژێرخان و هەوڵی گەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
بە هۆی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و دواتر ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی رێکخراوەکە دەستی بەسەردا گرتبوو، بە هەزاران خانوو و ژێرخانی سەرەکی وەک کارەبا و تەندروستی و خوێندن زیانی زۆریان پێگەیشت و خاپوور بوون.
حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کاولکارییەکانی دوای شەڕی دژ بە داعش لە ماوەیەکی کورتدا، پێویستی بە ٨٨ ملیار دۆلار هەیە.