Hemn Baban
08 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکی شاندی دەوڵەتی یاسا حەسەن سنێد دەڵێت نابێت ھیچ لایەنێک پەراوێز بخرێت یان مافی ڤیتۆ بخرێتە سەر لایەنێک.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ھاوبەشی ھاوپەیمانی فەتح و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ تاوتوێکردنی ھاوپەیمانێتی و پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق کرد و پاش کۆبوونەوەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەلا بەختیار کۆنگرەیەکی ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی شاندی ھاوپەیمانی فەتح ئەحمەد ئەسەدی و سەرۆکی شاندی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا حەسەن سنێد لە ھەولێر بەست و تیشکییان خستە سەر تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەو دوو لایەنە کە ھەر پێش یەکێتی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانییان کردبوو.
لەوبارەیەوە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کە ئاژانسی ئانادۆلوش ئامادەی بووبوو رایگەیاند "ئێمە و پارتی لە ھەرێمی کوردستان بۆچوونێکی ھاوبەشمان ھەیە و شاندێکی ھاوبەش پێکدەھێنین و پڕۆژەی ھاوبەش دەنووسین و شاندەکەمان پێکەوە دەچینە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و ھەوڵ دەدەین سەر لە نوێ بەشێک بین لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و لامان گرنگە حکوومەتی ئەمجارەی عێراق دەرسێکی ھەمە لایەنەی لەھەموو کێشەکانی رابردوو وەرگرتبێت و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە بە ھەموو سیاسەتەکانی عێراق و خۆشماندا دەچینەوە بۆ ئەوەی بزانیین عێراق بۆ لەمەودوا چۆن نابێت ھەڵەکانی رابردوو دووبارە بکاتەوە".
ھەرچی سەبارەت بە ئەنجامی ھەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکانە بەتایبەت لە کەرکوک لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئەوەی لە کەرکوک ھەموو ئەوانەی تانەیان لێ ئەداین و لێرە و لەوێ راپۆرتییان لەسەر دەنووسین گوایە دەنگەکان دەستکاریی کراون ئەمڕۆ بەپێی دوا زانیاریی ئێمە ٩٣ لەسەدی ئەو بنکانەی کە بەروارد کراون وەکو ئەوەن کە ھەبوون و ھاوشێوەن".
لەلای خۆیەوە سەرۆکی شاندی ھاوپەیمانی فەتح کە لەلایەن ھادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئەحمەد ئەسەدی، بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند، دانوستاندنەکانییان لەگەڵ یەکێتی و پارتی سەرکەوتوو و بەرھەمداربوون و زۆر نزیک بووین لە بۆچوونەکانیانەوە و باسییان لە پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان کردووە بۆ پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای "نە رەتکردنەوە نە خۆسەپاندن.
گوتیشی: "دەمانەوێت چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکانی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھاوڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستیش دەکەینەوە".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.