Rewa Mahmood Hasan
21 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
سلێمانی - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قادر حەمەجان دەڵێت، "هیچ دەستەیەک ناتوانێت خەباتی گەلەکەمان بە گشتی و یەکێتی بە تایبەتی لەکەدار بکات".
شەوی رابردوو لە میانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی پرشنگ رەشید هاوسەری جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفادا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
لەدوای رێوڕەسمەکە، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قادر حەمەجان لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
قادر حەمەجان دوای راگەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی کۆچ کردوو، هیوای لێخۆشبوونی بۆ هاوسەری جێگری سەرۆکی هەرێم خواست.
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قادر حەمەجان باسێکی کورتی رۆڵی یەکێتی کرد لە بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و رەخنەی لەوانەش گرت کە هەوڵی لەکەدارکردنی مێژووی یەکێتی دەدەن و گوتی: "کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە هەمیشە لەخەباتدا بووە، بۆیە هیچ دەستەیەک، ناتوانێت خەباتی گەلەکەمان بە گشتی و یەکێتی بە تایبەتی لەکەدار بکات، رژێمی عێراق لە هەموو قۆناغەکانیدا، لە رێی ناپاک و خۆفرۆشەکانیەوە هەوڵی دەدا، ژیان و خەباتی یەکێتی و خەباتی گەلەکەمان لەکەدار بکات، سەرەڕای ئەو هەموو توانا هەواڵگری و هێزە داپڵۆسێنەرەکانیان. لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە هیچ کەسێک ناتوانێت خەبات و تێکۆشانی یەکێتی، لەکەدار بکات، مێژووی یەکێتی بەشێکی گەورە و دانەبڕاوە لە گەلەکەمان، هەمیشە سەنگەری بەرەنگاریی بووە کە دەڵێین یەکێتی حزبی شەهیدانە، رووبارێک خوێنی داوە لە رێی گەلەوە و خاوەنی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهیدە، لێرەوە ئێمە رایدەگەنین کە یەکێتی بەردەوام دەبێت لە خەباتەکەی".
ئەم لێدوانانەی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قادر حەمەجان لەدوای ئەوەوە دێت کە کارگێری پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنەکە، حیکمەت محەمەد کەریم ناسراو بە مەلا بەختیار لە رێگەی چاپکردنی کتێبێکەوە بەناوی "لەبری بیرەوەری"ەوە رەخنەی لە بەشێک لە مێژوو و سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرتووە لە کاتی شۆڕشی ئەو حزبە دژبە رژێمی بەعسی لەناوچوو.