Sarmand Hameed
21 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازیی لە ژمارەیەک ئافرەت و کچانی رزگاربووی ژێر دەستی تیرۆرستانی داعشی لە پێکهاتە جیاوازەکان (ئێزدی، تورکمان و شەبەک) کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا مستەفا کازمی وێڕای بەخێرهێنانیان، نیگەرانی خۆی دەربڕیووە لەو ستەمەی لەسەر دەستی چەتەکانی داعش بەسەر ئەو ئافرەت و کچانەدا هاتووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەو ستەمە بگۆردرێت بۆ هیوا و ئومێد و دەستپێکی نوێ بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی بە ئومێدێکی زۆرەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە خراپ ئیدارەدان هۆکاری ئەو رووداوانە بوون کە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش بەسەر رۆڵەکانی گەلی عێراقدا هاتووە، و روونیکردەوە کە بەبیرهێنانەوەی ئەو رووداوە ئازاربەخشانە بۆ دووبارەنەبوونەیان و بنەمایەکی بایەخەدان و رژدبوونی حکوومەتە لەسەر پشتیوانی سەرجەم رزگاربوونی ژێر دەستی داعش و سارێژکردنی زامەکانیانە لە رێگەی جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانیاندا.
لەلای خۆیانەوە، شاندی ئافرەت و کچانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش سوپاس و پێزانیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردووە بۆ گوێگرتن لە نەهامەتییەکانیان و رژدبوونی بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان.