هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و تیایدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، هاوکات وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە قوتابیانی دەرچووی کۆتایی قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی کرد و هیوای خواست کە لە خوێندندا بەردەوام بن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمرۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بوو کە خاڵی یەکەم تایبەت بوو بە کۆمپانیای دیلۆیت کە ووربینی لە پرۆسەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات ئامادەبوون و، راپۆرتی خۆیان پێشکەشکرد و، لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ و، سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، بڕیار وایە لە رۆژانی داھاتوو بە شێوەی فەرمی داتا و ژمارەکان بڵاوبکرێنەوە".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی:"لە ٣٠ـی ئەیلوول ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەیە و لەوادەی خۆی ئەنجام دەدرێت و، کەسیش بە فەرمی داوای دواخستنی نەکردووە، ھەرچی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیشە لە دیراسەکردندایە و لەگەڵ بەغداش لە دوای ھەڵبژاردن بەردەوامین. ئێمە ھەر پرۆسەیەکمان پێ پەسەندە کە ھەمووان لەسەری رێکبکەون و، حەزیش دەکەین کە ھەموو ئەو لیستە کوردستانییانەی کە کورسیان ھەیە، بەیەکەوە بەشداری بکەین و، بەتایبەتی ئێمە و یەکێتی بەیەکەوە بەیەک تیم دانوستان دەکەین".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کۆبوونەوەکانی ئێمە لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەمان ھەیە، ئەوەی گرنگە کورد بە یەک ھەڵوێست لە بەغدا بەشدار بێت. شتەکان لە بەغدا روون نیین، ئەنجامی فەرمیی ھەڵبژاردنەکان لە لایەن دادگاوە پەسەند نەکراون، ئەمە پرۆسەیەکە کە دەبێت بکرێت و، دواتر زیاتر بوار بۆ ھاوپەیمانییەتی دەکرێتەوە. ئێمە نامانەوێت جارێ پەلە بکەین، بەڵام لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە بەغدا بەردەوامین و، لە کۆبوونەوەکان بەشدار دەبین".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە ئێستا یەک کێشەمان ھەیە، ئەم لایەنانەی گلەییان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەیە، من لە یەکەم رۆژیشەوە باسی ئەوەم کردووە کە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانیان نەمێنێت، پشتگیری لەوە دەکەین کە دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە و دووەمیان ئەوەیە کە بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی بەردەوامین لەسەر ئەوەی قسە بکەین و، ھەوڵ بدەین بە یەکگرتوویی لە بەغدا گفتوگۆ بکەین لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەی دیکەش کەکورسییان ھەیە".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە کە بووەتە هۆی نیگەرانی بەشێکی زۆر لە مامۆستایان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەوەی لەبارەی ئێمە گرنگە، ھەر ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بدرێت، لەم چەند مانگەدا وەزارەتی دارایی ئەو خشتەیەیان رێکخستووە و، مووچەکانیان دابەشکردووە لە ٣٠ رۆژ جارێکدا، گرنگ ئەوەیە بە دڵنیاییەوە ھەر ٣٠ ڕرۆژ جارێک مووچەیەک بدرێت. ئاگاداری ئەو نیگەرانییانەم بەڵام دڵنیایان دەکەمەوە کە نابێت ئەمە ببێتە جێگەی نیگەرانی، رەنگە لە کاتێکیتردا وەزارەتێکی دیکە پێش بکەوێت، هیچ مەبەست نییە کە ئەوان دواخرابن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تایبەت بە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە سەیری ئەوە دەکات کە لە ھەندێک شوێندا داعش دەستی بە کردەی سەربازی کردووە. ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایش لە ھەموو ئەو سنوورانە، ئامادەیی تەواوی ھەیە ھاوکار بێت بۆ دابینکردنی ئاسایش. ئێمە لەسەر داوای بەغدا ئامادەین ھاوکاری دابینکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانە بکەین. دۆخی ئەو ناوچانە و دۆخی ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ئاسایشی یەکتر دەبێت، ئێمە و بەغدا دوژمنێکی ھاوبەشمان ھەیە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشە".
لەبارەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "جەختمان کردووەتەوە بۆ بەغدا کە ههرێمی كوردستان ئامادهیه بۆ ههناردهكردنی ئهو نهوتهی ههیه كه له سنووری 250 بۆ 300 ههزار بهرمیل له رۆژێكدا و ئامادهین لهڕێگهی بۆریی نهوتی ههرێمهوه بچێته دهرهوه، ئهگهر لهو رۆژهی ئێمه پێمان گوتوون ئهوان رهزامهندی بوونایه ئهوا سێ ملیار و نیو داهات بۆ بهغدا دهستهبهر دهبوو، من لهوه تێناگهم كه ئهو بۆرییه كه بۆریی ههرێمی كوردستانه، بۆریی عێراقه، رێگهنادهن ئهو نهوته لهو رێگهیهوه بچێت، لهكاتێكدا ئێمه پێمان گوتوون كه سۆمۆ خۆی سهرپهرشتی بكات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەسەر ئەو کۆگایانەی چەک کە لەم هەفتەیەدا لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک تەقیووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئاگادارین و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ھێڵین تاکو لە رێگەی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە راستی و دروستی بابەتەکە بزانین، ھێشتا زووە قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین و با تۆزێك چاوەڕێ بکەین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد کە دوو رۆژ لەمەوبەر ئەنجامدرابوو گوتی: "لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنیی سەرکۆماری تورکیا و بەندە، بۆ بابەتی پیرۆزبایی بوو لەو سەرکەوتنەی کە لە ھەڵبژاردن بەدەستی ھێنا، جەختمان لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە بەرەوپێشەوە بڕوات و پێموایە ئێمە لەگەڵ تورکیا لە قۆناغێکی نوێین و ئینشائەڵڵا لە دەرفەتێکدا سەردانی تورکیاش بکەم بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا".
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە قەندیل گوتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین بەوەی لە ھەندێک شوێندا ھەندێک لە ھاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن لە ھەر ئۆپەراسیۆنێکدا بێت، واقیعێک ھەیە کە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە ھەرێمی کوردستان دەکرێن؟ چونکە پەکەکە زۆر ناوچەی ھەرێمی کوردستانی داگیرکردووە تاوەکو لێیەوە ھێرش بکاتە سەر تورکیا و بۆ ئێرە بگەڕێتەوە. ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان دژی ئەوەین ئۆپۆزسیۆنی ھیچ وڵاتێکی دراوسێمان، چ ئێران و چ تورکیا، خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێمان بەکار بھێنێت. بەرپرسیارێتیی ئێمە ھەرێمی کوردستانی عێراقە و چەندین جار داواشمان لە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کردووە کە سنوورێک بۆ ئەم مەسەلەیە دابنێن، داواشمان لە پەکەکە کردووە کە نابێت ئەم زیانانە بە خەڵک بکەوێت، خەڵکی کوردستان دەبێت بزانێت کە ئەو شتانەی دەکرێت خەتای پەکەکەیە".
news_share_descriptionsubscription_contact

