Mohammed Baqi Hussein
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2016
بەغدا
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لەمیانی بەشداری كردنی لە كۆنفرانسێك لەژێر ناونیشانی "بنیاتنانی تواناكانی گەنجان"دا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا گوتی: "رێكخستنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ كەس و لایەنی سیاسیی ناكاتە ئامانج. ئەم رێكخستنەوەیە بەئامانجی رێكخستنەوەی ئەو كێشانەی هەیە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی دەوڵەت ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەوەیش حكوومەتێكی یەكڕەنگ پێویستە".
عەبادی رایگەیاند كە هەندێك دامەزراوەی میدیایی شەڕیان دژی سەرۆكوەزیران راگەیاندووە و گوتی: "دەستمان دەگات بەوانەی شەڕەكەیان دەست پێ كردووە".
هەروەها عەبادی ئاماژەی بەوەدا كە هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بۆ مەرامی سیاسیی بەكاربهێنێرت.
عەبادی گوتی: "هەندێك لایەن دەیانەوێت نێوانی حەشدی شەعبی و دەوڵەت تێك بدەن و بیریانچۆتەوە كە خەرجییەكانی حەشدی شەعبی بەندە بە دەوڵەتەوە. ئێمە دەمانەوەێت لە حەشدی شەعبیدا ریفۆرم ئەنجام بدەین، بەڵام هەندێك لایەن بەناوزڕاندن دەیانەوێت رێگە لەمە بگرن".
عەبادی رایگەیاند بوو كە فەرماندەی پێشوو موحسین ئەلكەعبی لە شوێنی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی كە بە نزیكی لە ئێران ناسراوە، دامەزراندووە. بانگەشەی ئەوەیش دەكرێت كە عەبادی نزیكەی سەدا 30ی ئەو چەكدارانەشی لەسەركار لابردووە، لەبەرئەوە لەلایەن سەركردەكانی حەشدی شەعبییەوە رەخنەی لێدەگیرێت.
هەروەها بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە عەبادی بەهۆی حزبایەتی نێو حكوومەتەوە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات لە پاڵێوراوانی سەربەخۆ دەدات، لەچوارچێوەی رێكخستنەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا. ئەم هەنگاوەی عەبادی لەلایەن موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبەوە پشتگیریی لێكرا كە لە حكوومەتدا نوێنەری هەیە. سەدر لە روونكردنەوەیەكی نووسراودا رایگەیاندووە كە چەند ناوێكی بێلایەن هەیە دەیەوێت لەقۆناغی دامەزراندنی حكوومەتی تەكنۆكراتدا لەگەڵ عەبادی تاوتوێیان بكات.